ریال مەدرید چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، رایگەیاند کە چەند ئەستێرەیەکی یانەکە گۆڕانکاری لە ژمارەی درێسیان دەکرێت لە وەرزی 2025-2024ـدا، فێدریکۆ ڤالڤێردی ئۆروگوایی لە شوێنی کرووس، درێسی ژمارە 8 دەپۆشێت.
 
تۆنی کرووس، لە هاوینی 2014 لە یانەی بایرن میونشنەوە پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەکە، ماڵئاوایی لە یانەی شاهانە و هاندەرانی کرد.

ماڵپەری فەرمی ریال مەدرید، چەندین گۆرانکاری دیکەی لە درێسی یاریزانەکانی یانەکەی ئاشکرا کرد، لەوانە یاریزانی فەرەنسی ئیدواردۆ گاماڤینگا ژمارەی درێسەکەی لە 12وە بۆ 6 گۆڕاوە، بەهەمان شێوە ئورلیێن چوامینی، لە 18وە دەبێتە 14. 

ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی یانەکەش بەدەرنییە لەم گۆڕانکارییە و ژمارەی درێسەکەی لە 24وە دەبێتە 15.

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی نوێی یانەی ریال مەدرید، کە رۆژی سێشەممە لە ئاهەنگێکی گەورەدا بە میدیاکان دەناسێنرێت، کاروانەکەی لە ریزەکانی پاڵەوانی یانەکانی ئەوروپادا بەدرێسی ژمارە 9 دەستپێدەکات.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، درێسی ئێمباپێ لە فرۆشگا تایبەتەکانی ریال مەدریددا خواستێکی زۆر گەورەی لەسەرە و ئەگەر هاندەرێک بیەوێت درێسی یاریزانەکە بەدەستبهێنێت، بەلای کەمەوە پێویستی بەوەیە مانگێک لە چاوەڕوانیدا بمێنێتەوە.