دوو هەواڵی خۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لەسەر هەنگاوەکانی بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی و ئامادەکردنی تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی نوێ بەردەوامە، عوسمان دێمبێلی لە یانەکە دەمێنێتەوە و دییۆنگیش بە ئەگەری زۆرەوە ناڕوات.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت " فرێنکی دییۆنگ بەهیچ شێوەیەک نایەوێت لە بارسێلۆنا بڕوات، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە ئەمەی بە بەرپرسانی بارسێلۆنا گوتووە و یاریزانەکە مووچەکەشی کەمناکاتەوە، لەهەمانکاتدا ویستی یاریزانەکە بە بەرپرسانی مانچێستەر یونایتدیش راگەیێنراوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە ماوەیەکی زۆرە ناوی دییۆنگ بە مانچێستەر یونایتدەوە بەستراوەتەوە، گوایە یاریزانەکە بەرامبەر 85 ملیۆن یۆرۆ دەچێتە ئەو یانەیە، بەڵام کارکردن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە راگیراوە.
 
لەلایەکی دیکەوە عوسمان دێمبێلی، یاریزانی فەرەنسی لە یانەی بارسێلۆنا دەمێنێتەوە و یاریزانەکە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە.
 
رۆمانۆ دەڵێت " دێمبێلی تاوەکو 2024 گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە، پارێزەرەکانی هەنگاوەکانی بۆ تەواوکردنی کارەکان دەستپێکردووە، چاڤی هۆکاری سەرەکی مانەوەی یاریزانەکەیە و ئەگەری هەیە لەم هەفتەیەدا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا بارسێلۆنا نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە رابگەیێنێت."
 
یاریزانە فەرەنسییەکە گرێبەستەکەی کۆتاییهاتووە، یاریزانەکە رازییە مووچەکەی کەمبکاتەوە و بۆ دوو ساڵی داهاتوو بەدرێسی یانە کەتەلۆنییەکەوە یاری بکات.