مەدریدییەکان بە بردنەوە لە گرانادا زۆر نزیکدەبنەوە لە بردنەوەی نازناوی لالیگا

رووداو - هەولێر 

لە دوایین گەڕی 36ـی لالیگادا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی نوڤۆ لۆس کارمێنێس دەبێتە میوانی یانەی گرانادا، بەهیوای نزیکبوونەوە لە مسۆگەرکردنی نازناوی خولەکە، کە 3 ساڵە لێیبێبەشە.

لەم گەڕەدا بارسێلۆنای رکابەر بە بردنەوە لە ڤایادۆلید جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی بۆ یەک خاڵ کەمکردەوە، ئەمەش کوڕانی زیدان هاندەدات لەم ئەرکە زەحمەتەیاندا 3 خاڵی دیکە بەدەستبهێنن و جیاوازییەکە بکەنەوە 4 خاڵ، کە ئەوکات بردنەوەی نازناوەکە لە شادەماری ملیان نزیکتر دەبێت بۆ ئەوان، چونکە لە دوو یارییدا پێویستییان بە دوو خاڵ دەبێت.

ریال مەدرید، کە لە پاش گەڕانەوەی لالیگا لەدوای کەرەنتینە، لە 8 یارییدا 8 سەرکەوتن و 24 خاڵی بەدەستهێناوە، بێ رکابەریی خۆی لە لالیگادا سەلماندووە و لە بەرامبەردا گرانادا لە 8 یارییدا دووجار دۆڕاوە و 3 جاریش یەکسانبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمشەو دەتوانن ئەرکی مەدریدییەکان زەحمەت بکەن، چونکە ئەوان بە بردنەوە هیوایەکی گەورە بەدەستدەهێنن بۆ گەیشتن بە یۆرۆپالیگ، یارییەکەش لەسەر یاریگەی خۆیانە و کوڕانی دییگۆ مارتینێز لەنێو ماڵی خۆیاندا زۆر دڕ و دژوارن، ئەگەرچی لە دوایین 3 یارییدا لەسەر یاریگەی خۆیان تامی سەرکەوتنیان نەکردوە.

بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە بۆ ئەم یارییە هەموو بارودۆخەکان لە بەرژەوەندی زیدان و تیپەکەیدان، چونکە سێرخیۆ رامۆسی کاپتن و دانی کارفاخاڵی هاوڕێی دەگەڕێنەوە و هێڵی بەرگری مێرینگێ بەهێز دەکەنەوە، کە لە یاری پێشوودا بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان نایانتوانی یاری بکەن، هەر ئەوەند نا، بەڵکو گراناداش لەم یارییەدا لە تواناکانی زیاتر لە نیوەی یاریزانەکانی بێبەش دەبێت، کە بریتین لە هەر یەک لە ماكسيم جۆنالۆ، نيدير لۆزانۆ، كويني، ئەلێكس مارتينيز، ئانخێل مۆنتۆر و ئەلڤارۆ فادييۆ.

ئەگەر باس لە ئامارەکان بکەین، ئەوا مەدریدییەکان هەر بەیەکجاری باڵادەستن، کە لە 2013ەوە گرانادا نەیتوانیوە لە ریال مەدرید بباتەوە، تەنانەت لە 4 یاری رابردوودا گرانادا لەسەر یاریگەی خۆی تەنیا یەک گۆڵی لە ریال مەدرید کردووە.