زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ریال مەدرید شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید رووبەڕووی شۆکێک بوو سەبارەت بە بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکە بە بەرگریکارێکی باڵی چەپی نوێ لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
 
یانەی شاهانە ئەلفۆنسۆ دەیڤزی کەنەدی، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی وەک بژاردەی یەکەم دانابوو، پێش ئەوەی گرێبەستەکە بکەوێتە مەترسییەوە، چونکە یاریزانەکە نزیکبووەتەوە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
 
لە چەند کاژێری رابردوودا هەواڵێکی نوێ بڵاوبووەوە، گوایە یانەی ریال مەدرید هەوڵدەدات تیۆ هێرناندێزی فەرەنسی، یاریزانی پێشووی تیپەکە و ئێستای میلان بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی لەبری دەیڤز ریزەکانی تیپەکە بەهێز بکات.
 
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، راوێژکاری ئێستای میلان، دووپاتیکردەوە یانەکەی دەستبەرداری یاریزانە دیارەکانی وەک تیۆ هێرناندێز نابێت.
 
زڵاتان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "میک ماینان، تیۆ هێرناندێز و رافایل لیاو لە میلانۆ دەمێننەوە، ئەوان هێڵی سوورن و بۆ فرۆشتن نین".
 
ئیبرا ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوان هێشتا گرێبەستییان لەگەڵ ئێمەدا هەیە، دڵخۆشن بە بوونیان لێرە، پێویست ناکات هیچ یاریزانێک بفرۆشین بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بگوازینەوە".
 
سەبارەت بە ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی هۆڵەندی جوشوا زیرکزیی یاریزانی بەهرەمەندی بۆلۆنیا، ئەفسانە سوێدیەکە گوتی "من حەزم لێیە، ئەو یاریزانێکی باشە و توانایەکی زۆر باشی هەیە".