سەرۆکی ئامەدسپۆر لەلایەن بارسیلۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید بانگهێشتکراوە


رووداو دیجیتاڵ

عەزیز ئەلاڵد دوای ئەوەی لە کۆنگرەی یانەی ئامەدسپۆر بە سەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرایەوە، رایگەیاند لەلایەن یانەکانی بارسێلۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید بانگهێشتکراوە و لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر کە پاڵەوانی خولی یانە پلەدووەکانی تورکیا بوو و ئەمساڵ لە خولی یانە پلە یەکەکاندا یاری دەکات، کۆنگرەیەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی یانەکە و دانانی ستاف و دەستەی کارگێڕی رێکخست. 
 
لە کۆنگرەکەدا عەزیز ئەلاڵدی بە سەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرایەوە. ئەمە لەکاتێکدابوو سەرەتا ئەلاڵدی پاشەکشەی خۆی راگەیاند و گوتی خۆی بەربژێر ناکاتەوە، بەڵام دواتر لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەوە و وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی یانەکەی گەڕایەوە. بە بڕیاری کۆنگرە جارێکی دیکە بووەوە سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر.
 
ئەلاڵدی لە گوتارێکدا بە جەماوەرەکەی راگەیاند، لە خولی یانە پلە یەکەکاندا ئامانجیان بەرزترە و گوتی: "کاتێک سەرۆکایەتیی یانەکەمان وەرگرت گوتمان ئەم یانەیە دەکەینە بارسێلۆنا، دەیکەینە یانەیەکی جیهانی. جا بۆ ئەوەی ئەمە بکەین، لە جیهانی وەرزشدا پێویستمان بە سەرکەوتنی زیاترە. بەم نزیکانە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی یانەکانی بارسێلۆنا، ئەتلەتیکۆ مەدرید و چەند یانەیەکی دیکەی ئەوروپا، سەردانیان دەکەین و لەگەڵیاندا کۆدەبمەوە".
 
سەرۆکی ئامەدسپۆر هەروەها باسی لەوە کرد لە هەوڵی ئەوەدان راهێنەرێکی زۆر باش و بە ئەزموون بهێننە یانەکە و هەنگاوی لەم بابەتەدا ناوە. 
 
یانەی ئامەدسپۆر ئەمساڵ بووە یەکەمی کۆمەڵەی سووری یانە پلە دووەکانی تورکیا و سەرکەوت بۆ خولی پلە یەک. 
بەو بۆنەیەوە رۆژی شەممە، 11ـی ئایاری 2024، لە یاریگەی خۆیدا ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری سازکرد.
 
ئامارەکانی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا

 

36 یاری
24 بردنەوە
9 یەکسانبوون
3 دۆڕان
73 گۆڵ
26 گۆڵی لێکراوە
80 خاڵی کۆکردووەتەوە
پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
 
یانەی ئامەدسپۆر لە وەرزی رابردووی خولی پلە دووی تورکیا، خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەر بوو، 73 گۆڵی تۆمارکرد، خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی بەرگریش بوو و تەنیا 26 گۆڵی لێکرا.
 
جگە لەوەش یانەی ئامەدسپۆر تاکە یانە بوو لەم وەرزەی خولەکەدا بە هەردوو کۆمەڵەی سپی و سوور، تەنیا 3 یاریی دۆڕاندبێت.
 
مێژووی یانەی ئامەدسپۆر
 
ئامەدسپۆر (AMED S.F.K) ساڵی 1972 یانەکە دامەزراوە، سەرەتا ناوی دیاربەکر بویۆکشەیر بوو بوو، بەڵام دوای ئەوە ناوی گۆڕدرا بۆ یانەی ئامەدسپۆر و لە وەرزی 2013-2014ـەوە و لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی دەکات.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای گۆڕینی ناوەکەی بۆ یانەی ئامەدسپۆر، یانەکە دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.