زیدان باسی داهاتووی خۆی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدان، ئەفسانەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پێیوایە لۆژیکییە ئەگەر ئەو بیر لە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بکاتەوە، پاشئەوەی ماوەیەکی زۆر درێسی هەڵبژاردەکەی وەک یاریزان پۆشی.
 
پێشبینیدەکرا براوەی مۆندیالی 1998 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا ببێتە شوێنگرەوەی دیدێ دیشانی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەکە.
 
دوای شکستی فەرەنسا لە مۆندیالی 2022ی قەتەر، ناوی زیدان بە هەڵبژاردەی فەرەنساوە بەسترایەوە، بەڵام هەموو شت کۆتاییهات کاتێک دیشان گرێبەستەکەی تاوەکو 2026 نوێکردەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، زیزۆی تەمەن 50 ساڵ بەدووری نازانێت رۆژێک لە رۆژان ببێتە راهێنەری فەرەنسا و دووپاتیدەکاتەوە، "ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوە".
 
زیدان قسەی بۆ ماڵپەری 'گۆڵ'ی جیهانی کردووە، دەڵێ، "زۆرجار ئەوەم گوتووە کاتێک یاریزانی فەرەنسایت و دواتر دەبێتە راهێنەر، ئاساییە بیر لە مەشقدانی هەڵبژاردەکەی خۆت بکەیتەوە، بەڵام ئێستا کاتەکە بۆ ئەوە گونجاو نییە".
 
هەروەها دەڵێ، "کاتێک لە کان بووم، دەمویست بچمە بۆردۆ، دواتر یوڤێنتوس و پاشان ریال مەدرید، چونکە هەموو جارێک ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ من و ئەوەش خەونە. هەمیشە ویستی باشم بۆ داهاتوو هەیە و باوەڕم بەخۆمە".
 
زیزۆ زیاتر دەڵێ، "من پلان بۆ شتەکان دانانێم، ئەوە دەکەم کە بەباشی دەبینم. لەبارەی راوەستانمەوە لە مەشقدانی ریال مەدرید لە جاری یەکەمدا، دوو وەرز و نیوی ناوازەمان هەبوو، زۆر نازناومان بردەوە و دڵخۆش بووم، بەڵام دواتر پێویستم بە پشوویەک هەبوو".
 
هەروەها دەڵێ، "دوای هەشت مانگ، پاش راوەستان پێموابوو ئاساییە جارێکی دیکە بگەڕێمەوە و کاتێک سەرۆک تەلەفۆنی بۆ کردم، بەڵێنی گەڕانەوەمدا بۆ مەشقدانی ریال مەدرید".
 
زیدان زیاتر دەڵێ، "دەمتوانی بەخۆم بڵێم، چیم بەخۆم کرد و بۆچی گەڕامەوە، بۆچی رازیبووم بەو ریسکە، بەڵام من وا بیر ناکەمەوە و شتەکان وەکخۆیان وەردەگرم".
 
زیدان لەپاش دووەم ماوەی کارکردنی لە ریال مەدرید، تاوەکو ئێستا مەشقدانی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەکی وەرنەگرتووە.