بۆمبە گەورەکە لە پاریس تەقییەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆتاییدا بۆمبە گەورەکە لە پاریس تەقییەوە. ئەوەی فەرەنسییەکان لێیدەترسان روویدا و ئەوەی مەدریدییەکان خوازیاری بوون، خەریکە دێتە دی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی، بڕیاریداوە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ نەکاتەوە. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی پاریس سانجێرمان نرخی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا دیاریکردووە.
 
ئێمباپێ دوێنێ دووشەممە لە نامەیەکی فەرمیدا، کارگێڕیی پاریس سانجێرمانی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە بڕگەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025 کارا ناکاتەوە، بۆیە ماوەی گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی 2024 کۆتایی دێت و ئیدی لە هاوینی داهاتوودا کیلیان دەتوانێت بۆ چوونە یانەیەکی دیکە دانوستاندن بکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید بەربژێری یەکەمە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئێمباپێ لەم هاوینەدا، بەتایبەتی دوای رۆیشتنی کەریم بنزیما بۆ یانەی ئیتیحادی سعودی، کە مێرینگێ پێویستی بە هێرشبەرێکی نوێ هەیە.
 
ئەوەی وادەکات ریال مەدرید بتوانێت لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ بکات، ئەوەیە کە بەرپرسانی پی ئێس جی لەوانەیە ناچاربن یاریزانەکەیان بیفرۆشن، چونکە ئەگەر ئەمساڵ نەیفرۆشن، ساڵی داهاتوو دەبێتە یاریزانێکی ئازاد و بەبێ بەرامبەر دەڕوات.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان بۆ دەستبەرداربوون و فرۆشتنی ئێمباپێ داوای 185 ملیۆن یۆرۆ دەکات. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "پاریس سانجێرمان ئامادەیە کیلیان بە هەر یانەیەک بفرۆشێت، جگە لە ریال مەدرید". ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە یانەی شاهانەی ئیسپانیا و خودی ئێمباپێ.
 
ئەوەی بەرپرسانی پاریس سانجێرمانی زیاتر تووڕە کردووە کاتی دزەپێکردنی پەیامەکەی ئێمباپێیە، کە تەنیا دوو رۆژ دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییە بەنێوبانگەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بوو، کە پێرێز تێیدا بەڵێن بە هاندەرێکی ریال مەدرید دەدات ئەستێرە فەرەنسیەکە بگوازێتەوە سانتیاگۆ برنابیۆ.
 
وادیارە ئێمباپێ پەشیمانە لەوەی ساڵی رابردوو دەرفەتی چوونە ریزەکانی ریال مەدریدی لەدەستداوە و دەیەوێت ئەمجارە ئەو هەڵەیە دووبارە نەکاتەوە، بەتایبەتی کە وەرزی رابردوو جارێکی دیکە لەسەر ئاستی ئەوروپا شکستی هێناو لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دەرکرا.