مارسێلۆ: بە فرمێسکی خۆشییەوە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید کرد

13-06-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مارسێلۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

مارسێلۆ، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بە گریانەوە ماڵئاوایی لە یانەکەی و هاندەرانی کرد، دوای ئەوەی لە کۆتایی وەرزی رابردوودا ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتایی هات. ئەو گوتی "من وەک کوڕێک گەیشتمە ئێرە و وەک پیاوێک دەڕۆم".
 
مارسێلۆ لە پرێس کۆنفرانسی ماڵئاوایییەکەیدا، ئەمڕۆ دووشەممە گوتی "دەمەوێت سوپاسی یانەکە بکەم، هاوکارەکانم کە بەختم هەبوو شانبەشانیان یاری بکەم، راهێنەران و سەرجەم ستافی یانەکە، لە باشترین یانەی جیهان بووم و لێرە مێژوویەکم تۆمارکرد".
 
یاریزانی بەرازیلی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوژینەکەم هەمیشە لە تەنیشتم بووە، ئەویش دوو منداڵی نایابییشی بۆ هێناوم، ئەگەر ئەمڕۆش هێزم هەبێت، ئەوە بەهۆی تۆوەیە کلاریس، کاتێک بەرازیلم جێهێشت، ویستم لە ریزەکانی یانەیەکدا یاری بکەم کە تیپێکی گەورەی ئەوروپا بێت و بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا بکات، و سەرکێشییەکی نایاب بوو".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، مارسێلۆ گوتی "ئەمڕۆ یانەکە وەک ئەو یاریزانە جێدەهێڵم کە زۆرترین نازناوی بەدەستهێناوە، لە مێژووی باشترین یانەی جیهاندا".
 
ئەو زیاتر گوتی "رائول، کاتێک گەیشتمە یانەکە، یادگاری گەورەم لەگەڵ تۆدا هەبوو، کاتێک ئینزۆی یەکەم کوڕم لەدایکبوو، سەبەتەیەکت پێداین کە چەندین شت و وردەکاری تێدابوو کە هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە، منیش ویستم وەک تۆ بم، تۆ بۆ من نموونە بوویت".
 
مارسێلۆ کە بەنیاز نییە ئێستا واز لە یاریکرن بێنێت، بەڵام هێشتا دیارنییە دەچێتە کام یانە و کام خول، لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "ئەمڕۆ رۆژی خۆشییە، بە خۆشییەوە دەگرین،  زۆر بە دڵخۆشی دەڕۆم، هەموو خێزانەکەم شانازیم پێوە دەکەن، منیش بەختم هەیە".
 
لە کۆتاییدا گوتی "ئەمە ماڵئاوایی نییە، چونکە هەست ناکەم یانەی ریال مەدرید جێبهێڵم، ئایندەی ئەم یانەیەش زۆر ئومێدبەخشە، من وەک کوڕێک گەیشتمە ئێرە و وەک پیاوێک دەڕۆم، زۆر سوپاس بۆ هەمووتان".
 
مارسێلۆ، ساڵی 2007 پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، کە لە یانەی فلۆمینێنسی بەرازیلیەوە هاتبوو، بە بڕی 6 ملیۆن و نیو یۆرۆ، ئەو بۆ ماوەی 15 ساڵ لەسەریەک بە درێسی شاهانە یارییکرد، لەو ماوەیەدا سەرجەم نازناوەکانی ناوخۆیی و کیشوەری بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە