نونێز بە گرێبەستێکی گرانبەها چووە لیڤەرپوول

13-06-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن داروین نونێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ ساڵ لەمەوبەر نرخی تەنیا 1 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئێستا گواستنەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت.
 
داروین نونێز، یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی گواستنەوەی ئەم هاوینەی گەرمکرد، یاریزانەکە دەچێتە لیڤەرپوول و دەبێتە یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی یۆرگن کڵۆپ.
 
نونێز بەگرێبەستێکی درێژخایەن و بە 75 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 25 ملیۆن یۆرۆی گۆڕانکاری لە بێنفیکای پۆرتوگالییەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە دەکات. 
 
یاریزانەکە بۆ ماوەی 6 ساڵ دەچێتە ریزەکانی رێدز، درێسی سوور پۆشەکانی پۆرتوگال بۆ سوور پۆشەکانی پرێمەرلیگ دەگۆڕێت و مووچەکەشی لەو یانەیەدا 6 ملیۆن پاوەند دەبێت.
 
هێرشبەرە 22 ساڵە ئۆرۆگواییەکە، لە وەرزی رابردوو لە کۆی 41 یاریی 34 گۆڵی بۆ بێنفیکا تۆمارکردووە، کە 6 یان لە چامپیۆنزلیگ بوو و خاوەنی 4 ئاسیست بوو.
 
نونێز وەک هێرشبەری چەق و دروستکەری یاریش رۆڵ دەبینێت، ئەو لە دایکبووی ناوچەی ئارتیگاسی ئۆرۆگوایە، لە ئەکادیمیای پینارۆڵەوە دەستی بە یارییکردن کردووە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیی هەموو ئاستەکانی تیپەکانی ئەو یانەیە ببڕێت و لە 2017 چووە تیپی یەکەم.
 
داروین لە رێگەی یانەی ئەلمیریای ئیسپانیاوە چووە ئەوروپا، بە 13 ملیۆن یۆرۆ لە پینارۆل رۆیشت بووە گرانترین یاریزان لەو یانەیە رۆیشتبێت، لەگەڵ ئەلمیریا 16 گۆڵی لە 32 یارییدا تۆمارکرد و 3 ئاسیستی هەبوو، ئەمە سەرنجی بەرپرسانی بێنفیکای راکێشا و لە 2020 بەرامبەر 24 ملیۆن یۆرۆ چووە ئەو یانەیە و بووە گرانترین یاریزان لە ئەلمیریاش رۆیشتبێت.
 
گرێبەستی هێرشبەرە توقێنەرە لاوەکەی ئۆرۆگوای لەگەڵ بێنفیکا تاوەکو 2025 بوو، بەڵام گوشارەکانی کڵۆپ و سەرسامی راهێنەرە ئەڵمانییەکە بەو بووە هۆکاری ئەوەی لیڤەرپوول گرێبەستێکی گەورەی لەگەڵدا بکات، بەڵام لەو پارەیەی دەیداتە بێنفیکا 20٪ بۆ یانەی ئەلمیریای ئیسپانی دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە