یانەی شورتە دەست بە راهێنانەکانی دەکاتەوە
رووداو - هەولێر
سکرتێری یانەی شورتە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو دەست دەکەنەوە بە راهێنان بۆ خۆئامادەکردن بۆ یارییەکانی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.
یانەی شورتە وەک نوێنەری عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم ململانێی یانەکانی ئیستقلالی ئیرانی، ئەهلی سعودی لەگەڵ وەحدەی ئیماراتی دەکات، شورتە تەنیا خاڵێکی هەیە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندییە.
عەلا بەحرلعلوم، لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ نێو یاریگە گوتی "ئێمە لە ناو بارودۆخێکی مەترسیداردا دەژین کە بڵاوبوونەوەی رێژەیەکی زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە شاری بەغدا، بەڵام ورەمان بەرزە و نابێت ژیان و وەرزشکردن بوەستێت، هەر بۆیە سەرەتای مانگی حەوت دەگەڕێینەوە ناو یاریگەکان و هەر لە بەغدا دەست بە راهێنان دەکەینەوە".
عەبدولغەنی شەهد، گەورە راهێنەری عێراق سەرکردایەتی یانەی شورتە دەکات، میدیاکانی عێراق باسی نوێکردنەوەی ریزەکانی یانەکە و پەیوەندی نێوان محەممەد داودی ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ یانەکە دەکەن.
بەحرلعلوم لەبارەی گرێبەستە نوێیەکانیان، روونیکردەوە "ئەوەی باس دەکرێت جارێ کاری فەرمی نین، بێگومان ئێمە دەمانەوێت لە رووی یاریزانی پیشەگەر ریزەکانمان بۆ جامی ئاسیا بەهێزتر بکەین، بەڵام جارێ فرۆکەخانە داخراوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش جارێ هیچ گرێبەستێکمان واژۆ نەکردووە".