ئەستێرەکانی بەڕازیل هێرشی تووند دەکەنە سەر نەیمار

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستپێکردنی پاڵەوانییەتی کوپا ئەمریکا، ئەفسانەکانی پێشووی بەڕازیل رەخنەی توند ئاڕاستەی نەیمار داسیلڤا دەکەن، بەهۆی هەڵسووکەوتەکانی ئەم دواییەی کە هەڵڵایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا بەکێش کردووە، دیارترینیان دەنگۆی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر نایلا دی سۆزای تەمەن 26 ساڵ و سووکایەتیکردن بە هاندەرێکی یانەی رینی فەڕەنسی، کە بووە هۆی لێسەندنەوەی هێمای کاپتنی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە لایەن تیتی راهێنەرەوە.

پێلێ ئەفسانەی تۆپی پێ بەڕازیل دەربارەی رەفتارەکانی نەیمار دەڵێت "دوای ئەو هەموو رەفتارە نەشیاوەی لە نەیمار وەشاوەتەوە لە دەرەوی یاریگە، ئاسان نییە بتوانین بەرگریی لێبکەین".

پێگەی فەرمی بێڵدی ئەڵمانی قسەکانی پێلێی سەبارەت بە رەخنەکانی لە نەیمار گواستووەتەوە کە تێدا ئەفسانە تەمەن 78 ساڵییەکەی پێشووی بەڕازیل دەڵێت "دوو جار لە ئەوروپا چاوم بە نەیمار کەوتووە، پێمگوت کوڕم خودا ئەو بەهرە نایابەی پێبەخشیوی، بەڵام ئەوەی تۆ ئەنجامی دەدەی، هەموو شتێکت لێ ئاڵۆز دەکات".

لەلایەکی دیکەوە زیکۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل دەربارەی نەیمار دەڵێ "نەیمار پێویستی بە تەرکیز و وشیاریی زیاترە لە دنیای پیشەگەریی تۆپی پێ، بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئامانجی بەدەستهێنانی تۆپی زێڕین نزیک ببێتەوە".

نەیمار داسیلڤا بەهۆی تووشبونی بە پێکان لە پاژنەی پێیدا لە یاری دۆستانەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر، بێبەش دەبێت لە بەشداریکردن لە کوپا ئەمریکا کە لە 15ی حوزەیرانی 2019 لە وڵاتی بەڕازیل دەستپێدەکات.