هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گورزێکی بەرکەوت

13-06-2018
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مۆندیال - راشفۆرد
A+ A-

رووداو-هەولێر

گاریس ساوسگێتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئاشکرایکرد مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری هەڵبژاردەکە دووچاری پێکان بووە بەرلەوەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەرەو رووسیا بەڕێبکەوێت بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2018ی رووسیا.

ئەو هێرشبەرە 20 ساڵییە کە وەرزی رابردوو 13 گۆڵی بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا تۆمارکرد، ئومێد دەکات لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی ئینگلتەرادا بێت لە مۆندیالی رووسیا دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە یارییە دۆستانەکانی هەڵبژاردەکەی و تۆمارکردنی گۆڵێک لە یاری دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و کۆستاریکا.

ساوسگێت بە رۆژنامەوانانی راگەیاند مارکۆس دووچاری بەرکەوتنێک بووە کە ئازاری لە قاچیدا دروستکردووە، بەڵام پێکانەکەی قورس نییە و دەبێ بزانین لە مەشقەکانی داهاتوودا کە لە رووسیا ئەنجامی دەدەین تا چەند توانای بەردەوامبوونی هەیە.

راهێنەری ئینگلتەرا هەروەها گوتی هەفتەیەکی دیکەمان لەبەردەستدایە بۆ ئامادەکاری و بۆ هەر شوێنێکی یاریکردنیش لە هەڵبژاردەکەدا، چەندین یاریزان بەردەستن، بەڵام دەبێ دەستنیشانی باشترینەکان و ئامادەترینەکان بکەین بۆ پێکهاتەی سەرەکی.

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە کۆمەڵەی حەوتەمدا لە پاڵ هەڵبژاردەکانی تونس، پەنەما و بەلجیکا یاریدەکات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە