پوختەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوورخستنەوەی راهێنەری ئیسپانیا

13-06-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یولیان لۆپتیگی، راهێنەری دوورخراوەی ئیسپانیا، مۆندیال
A+ A-

رووداو - هەولێر

لویس روبیالێس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بەپەلەدا دوورخستنەوەی یولیان لۆپتیگی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیای لە پۆستەکەی راگەیاند.

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆکی تۆپی پێی ئیسپانیا گوتی، هەست ناکەم لۆپتیگی خیانەتی لێکردبین، بەڵام ئەوەی کە بێزاریکردووین ئەوەیە کە بەبێ ئاگاداری ئێمە گفتوگۆی لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، هەروەها ئەوەشی راگەیاند، ئێستا بارودۆخی ئێمە زۆر خراپە، بەڵام دڵنیام یاریزانەکان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە تاوەکو دوایین قۆناخەکانی مۆندیال بڕوات.

لویس روبیالێس، لەبەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، پێویستە لە دوو رۆژی داهاتوودا چەند بڕیارێکی گرنگ دەربکەین، بارودۆخمان ئاڵۆزە و دڵنیام لەوەی وەرگرتنی بڕیارێکی لەم شێوەیە و لەم کاتەدا بەهێزترمان دەکات.

لە درێژەی قسەکانیدا روبیالێس رایگەیاند، ناکرێت دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی مۆندیال گرێبەست لەگەڵ یانەیەکدا واژۆبکەیت، هەروەها نابێت کارمەندێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دانووستان لەگەڵ لایەنێکدا بکات و پێنج خولەک بەرلەوەی رایبگەینێت ئێمە ئاگادار بکاتەوە، لەبەرئەوە ناچاربووین لۆپیتیگی دووربخەینەوە.

سەرۆکە نوێیەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، ئێمە زۆربەداخین بۆ بڕیاریی دوورخستنەوەکە، بەڵام دەبوو بیر لە بەرژەوەندی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و هەڵبژاردەکەمان بکەینەوە، لەئەمڕوە ئێمە بەرەو پێش دەچین.

دوورخستنەوەی لوپیتیگی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای ئەوەدێت کە یانەی ریال مەدرید بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرەکە راگەیاند.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە