هاوار مەلا محەممەد بۆ رووداو: دەمەوێت خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەم

رووداو هەولێر 

هاوار مەلا محەممەد، ئەستێرەی کوردی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەیەوێت بەو ئەزموونەی هەیەتی خزمەتێکی گەورەی بواری وەرزش لە هەرێمی کوردستان بکات. 
 
ئەم ئەستێرەیە یەکێکە لە بەنێوبانگترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێی هەڵبژاردەی عێراق، لە 2007 توانی بۆ یەکەمجار نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەرز بەدەستبهێنێت.
 
هاوار مەلا محەممەد، دوای وازهێنانی لە یاریکردن وەک راهێنەر و کارگێڕیی هیچ کارێکی نەکردووە و کاتەکانی زیاتر لەگەڵ ماڵباتەکەی و خوێندنەوەی کتێب بەسەردەبات. 
 
هاوار مەلا محەممەد، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەموو کات خەونم خزمەتکردنی وەرزشی هەرێمی کوردستانە، دەمەوێت ئەزموونی چەندین ساڵەم بخەمە خزمەتی نەوی نوێ و ئێستا پێویستە رۆڵێکی گەورە لە پێشخستنی بواری وەرزشی بگێڕم و بۆ ئەم کارەش ئامادەم". 
 
هاوار وەک یاریزان لەسەر ئاستی عێراق یاری بۆ یانەکانی موسڵ، جەوییە، هەولێر  کردووە، لەسەر ئاستی دەرەوەش وەک یاریزانی پیشەگەر یاری بۆ یانەکانی زوب ئاهن، ئیسقلال و پێرسپۆلیسی ئێرانی کردووە، لە لوبنانیش یاری بۆ یانەی ئەنسار کردووە، لە خولی ئیمارات یاری لەگەڵ یانەی عەین کردووە و دوای ماوەیەکی کورت پەیوەندی بە یانەی خؤری قەتەرییەوە کردووە. 
 
مەلا محەممەد، زیاتر گوتی "بێگومان وەرزشی هەرێمی کوردستان فراوان بووە، چەندین پۆستی وەرزشی جیاواز لەسەر ئاستی وەزارەتی وەرزش و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن، چەند پۆستێکی دیکەش پشکی کوردن لە دەزگاکانی عێراق، ئەگەر پێشنیازی وەرگرتنی یەکێک لەو پۆستانەم بدرێتی بێگومان ئامادەی تەواوم تێدایە خزمەت بکەم ". 
 
هاوار مەلا محەممەد، تاکە یاریزانی عێراقە لە مێژوودا کە گۆڵی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا تۆمارکردووە، لەو کاتەی یاری بۆ یانەی ئەپۆلۆن لیماسۆلی قوبرسی دەکرد، یەکێکە لە کەسایەتییە خۆشەویستەکان لەنێو وەرزشی کورستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا.