پلەی سێیەم زیانی گەورەی دارایی بە بارسێلۆنا دەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی زیانی گەورەی دارایی دەبێتەوە، ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت لە کۆتایی پێهێنانی وەرزی ئەمساڵی لالیگا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەدا.
 
رکابەریی لەسەر نازناوی لالیگا کۆتایی هاتووە و ریال مەدرید نازناوی ژمارە 36ی خولەکەی لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێناوە، یانەکانی بارسێلۆنا و جیرۆنا لە رکابەریدان لەسەر پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە، کە بەهۆیەوە خاوەنی پلەی دووەم لەپاڵ پاڵەوانی خولەکەدا، بەشداری لە جامی سوپەری ئیسپانیا دەکات.
 
ریال مەدرید بەهۆی نازناوی لالیگاوە بەشداریکردنی لە جامی سوپەردا مسۆگەرکردووە، یەکەم و دووەمی جامی شای ئیسپانیا، کە بریتین لە ئاتلێتیک بیبلباوی براوەی جامەکە و ریال مایۆرکای دووەمی جامەکە، بەهەمان شێوە بەشداریکردنیان لە جامەکەدا مسۆگەرکردووە و تەنیا ئەوە ماوە یەکلابێتەوە، کێ دەبێتە دووەمی ریزبەندی لالیگا و دوایین بلیتی بەشداریکردن لە جامەکە مسۆگەر دەکات.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا کە ئێستا سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، تەنیا دەتوانێ لەرێگەی خۆیەوە، خۆی دەرباز بکات و دووەمی ریزبەندییەکە مسۆگەر بکات، پاشئەوەی جیرۆنا بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش یەکسانبوو (2 - 2)، بارسا پێویستی بەبەدەستهێنانی بردنەوە لە چوار دوایین یاریی خۆی هەیە، بەرامبەر هەریەکە لە ریال سۆسیێداد، ئالمێریا، رایۆ ڤاییکانۆ و سێڤییا، بۆ ئەوەی دووەمی خولەکە مسۆگەر بکات.
 
میدیاکان دەڵێن، بارسا دەبێ پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی خۆی لە لەدەستدانی حەوت ملیۆن یۆرۆ بپارێزێت، کە پەیوەندی بەگۆڕانکارییەکانی مافی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنیی یارییەکانەوە هەیە، ئەمە جیا لە بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
بەشداریکردن لە جامی سوپەردا، هەروەها شەش ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە دەستەبەر دەکات. ئەگەر یانەکە بگاتە یاریی کۆتاییش، ملیۆنێکی دیکە بەدەستدەهێنێت و لەکاتی بردنەوەی نازناوەکەشدا کۆی پاداشتی یانەکە هەمووی دەبێتە هەشت ملیۆن یۆرۆ.
 
بارسێلۆنا ماوەی چەند ساڵێکە گیرۆدەی دەستی تەنگژەیەکی دارایی قورسە، کارگێڕیی یانەکە بەشوێن هەر سەرچاوەیەکی زیادەی داهاتدا دەگەڕێت کە هاوکاریی بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەڵام ئاستی ئەمساڵی تیپەکە بێئومێدییەکی زۆری بەرهەمهێنا، بەتایبەت کە نازناوی لالیگای لەدەستدا و لە چامپیۆنزلیگیش لە قۆناخی پێشکۆتایی چووە دەرەوە.
 
بارسێلۆنا، هەروەها دووچاری گورزێکی گەورە بووەوە، کاتێک نەیتوانی بگاتە بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان کە بڕیارە هاوینی داهاتوو بەبەشداری 32 یانە و بەشێوازێکی نوێ بەڕێوەبچێت.
 
وەک میدیاکان دەڵێن، ئەگەر بارسێلۆنا بەشداری لە مۆندیالی یانەکان بکردایە، تەنیا بەهۆی بەشداریکردنەوە 50 ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت و ئەگەر ببوایەتە پاڵەوانی مۆندیالەکە، پارەکە دەبووە 100 ملیۆن یۆرۆ.
 
مۆندیالی داهاتووی یانەکان، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان 15ی مانگی شەش تاوەکو 13ی مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
 
یانە بەشدارەکانی مۆندیالەکە بریتین لە 12 یانەی ئەوروپا، شەش یانەی ئەمریکای باشوور، چوار یانەی ئەفریقیا، چوار یانەی ئاسیا و سێ یانەی ئەمریکای باکوور و یانەیەک لە ئۆقیانۆسیا.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە دوای یەکلابوونەوەی نازناوی لالیگا، ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە ئامانجی ئێستایان، بەدەستهێنانی پلەی دووەم و بەشداریکردنە لە جامی سوپەری ئیسپانیای ساڵی داهاتوو.