بارسێلۆنا دەرچوویەکی لاماسیا دەهێنێتە شوێنی جواو فێلیکس

13-05-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا چاڤی هێرناندێز چاڤی سیمۆنس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەپێناو گێڕانەوەی چاڤی سیمۆنس بۆ ریزەکانی، لە کاتێکدا پێناچێ ئەو یاریزانە داهاتوویەکی باشی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەبێت.
 
چاڤی سیمۆنس، کە دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیایە، ئێستا یاریزانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە و ئەمساڵ بەشێوەی خواستن لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یارییکرد و ئاستێکی ناوازەی پێشکێشکردووە.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا هەوڵدەدات سیمۆنس بەشێوەی خواستن بهێنێتەوە ریزەکانی، ئەو یاریزانەش ویستی خۆی بۆ یارییکردنەوە بەدرێسی بارسێلۆنا نەشاردووەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، دەتوانێت خۆی ئەو یانەیە دەستنیشان بکات کە ئەو دەیەوێت بەخواستن بۆ وەرزی داهاتوو، یاریی لێبکات.
 
میدیای کەتەلۆنیا گوتوویانە، ئاستی ناجێگیری جواو فیلێکس لەگەڵ بارسێلۆنا، بووەتە پاڵنەر بۆ کارگێڕیی یانەکە، بۆ ئەوەی بەشوێن یاریزانێکی دیکەدا بگەڕێن لەهەمان شوێنی یارییکردنی ئەو یاریزانە و دڵخوازترین یاریزانیش لای چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، چاڤی سیمۆنزە کە پێشتر بەدرێسی لاماسیاوە دەرکەوتووە.
 
سیمۆنز وەرزێکی ناوازەی لەگەڵ لایپزیگی ئەڵمانی هەبوو بەشێوەی خواستن. هەروەها یاریزانی سەرەکییە لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەژێر سەرپەرشتی رۆناڵد کومانی راهێنەر کە هاوینی ئەمساڵ بەشداریی یۆرۆی 2024 دەکات.
 
شەممەی رابردوو، پرسیاری گەڕانەوەی چاڤی سیمۆنس لە راهێنەری پاریس سانجێرمان، لویس ئینریکێ کرا، ئەو وەڵامێکی روونی نەداوە و گوتی "ئەمە کاری من نییە باسی یاریزانێک بکەم کە بە خواستن لە یانەی ئێمە رۆیشتووە و ئێستا لە شوێنێکی دیکە یاریی دەکات، من رێز لە پۆستەکەم دەگرم".
 
ئنریکێ رێخۆشکەر دەبێت بۆ رۆیشتنی سیمۆنس بۆ یانەی بارسێلۆنا بەخواستن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا ئەو راهێنەرە گووشاری زۆری کرد بۆ چوونە دەرەوەی ئەو یاریزانە بە شێوەی خواستن لە پاریس سانجێرمان و بە دوورنازانرێ، بۆ وەرزی داهاتووش ئەو یاریزانە نەگەڕێتەوە پاریس سانجێرمان.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیڤۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە دوایین راپرسیدا ئاشکرایکردووە لە 82٪ی هاندەرانی بارسا پێشوازییان لە بیرۆکەی هاتنی چاڤی سیمۆنس بۆ بارسێلۆنا کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە