بارسێلۆنا بەئومێدی بەدەستهێنانەوەی پلەی دووەم میوانداریی سۆسیێداد دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا جارێکی دیکە هەوڵدەدات بێئومێدییەکانی وەرزە دەستبەتاڵەکەی بەبەدەستهێنانەوەی پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا کەمێک قەرەبوو بکاتەوە، کاتێک لە مۆنتوجویک میوانداریی ریال سۆسیێداد دەکات.
 
دوای وەرزێک کە پڕبوو لە هەڵچوون و داچوون و زوو چوونە دەرەوە لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، بارسێلۆنا ئێستا جارێکی دیکە ناچارە هەوڵی دووەمبوون لە خولەکەدا بداتەوە، تاوەکو بەشداریکردن لە جامی سوپەری ئیسپانیای وەرزی داهاتوو مسۆگەر بکات. کارێک لانیکەمی خەونی هاندەرە کەتەلۆنییەکانی تێدا کۆدەبێتەوە.
 
بارسێلۆنا لە دوایین مەشقەکاندا بەهێزەوە دەرکەوتووە، تیپەکە ویستی ئەوەی پێشانداوە لە کۆتایی وەرزەکەیدا بگاتە ئامانجەکەی، بەڵام یارییەکەی ئەمشەوی سۆسیێداد تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نابێت بۆ کەتەلۆنییەکان.
 
سۆسیێداد کە نوێنەرێکی ئیسپانیا بوو لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، لە کۆتاییەکانی وەرزەکەدا ململانێ دەکات لەپێناو گەیشتنەوە بەپاڵەوانێتییەکی ئەوروپی و ئەوەش یانەکە ناچار دەکات لەو چەند یارییە کەمەی لە خولەکەدا ماوێتی، رژدبێت لەسەر بردنەوە و پێشاندانی ئەوپەڕی توانا بەرامبەر رکابەرەکانی.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی سۆسیێداد و تواناکانی ئەو تیپەوە گوتوویەتی، "ئەوان کۆمەڵێک یاریزانی نایابیان هەیە، ئێمە باسی تیپێک دەکەین کە لە چامپیۆنزلیگدا بەشدارییکردووە لە وەرزی ئەمساڵدا و لەسەر ئاستی ئەوروپا دەرکەوتووە. تیپێکی مەزن کە راهێنەرێکی مەزن سەرپەرشتی دەکات. ئیمانوێل ئەلگواسێل چەندین وەرز و ساڵی درێژە کارەکەی خۆی لەگەڵ یانەکەدا بەدروستی ئەنجامدەدات".
 
بارسێلۆنا لەبەرئەوەی، بەراورد بە گەورەکانی دیکەی ئەوروپا، زوو لە ململانێ لەسەر نازناوەکانی وەرزی ئەمساڵ هاتە دەرەوە، بەهەموو پێوەرێک وەرزەکەی بەوەرزێکی شکستخواردوو دەبینێت. کاتێک خەونی بەدەستهێنانی نازناوەکانی لەدەستدا، ناچارە خەونێکی دیکە لە بیرکردنەوەی خۆیدا دروستبکات، تاوەکو وەک پاڵنەر بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش تاوەکو کۆتایی وەرز، لای یاریزانەکانی بمێنێتەوە.
 
خەونە نوێیەکەی بارسا، لەم ساتە هەستیارەدا، تەنیا بەدەستهێنانی پلەی دووەمی خولەکەیە و یەکسانبوونی جیرۆنا بەرامبەر ئالاڤێس، هەلی ئەوەی بۆ یانەکە رەخساندووە، جارێکی دیکە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە بەدەستبهێنێتەوە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، ئامانجی تیپەکەی لە وەرزی ئەمساڵدا رووندەکاتەوە و دەڵێ، "کۆتاییهێنان بە وەرزەکە لە پلەکانی سێیەم یان چوارەم، بەدڵنیاییەوە ئەنجامێکی خراپە، هەنگاوێكشە بۆ دواوە. ئێمە ئێستا هەلی بەدەستهێنانەوەی پلەی دووەمان هەیە، ئامانجی سەرەکیشمان ئەو پلەیەیە. تەنیا چوار یارییمان ماوە و یاریی ئەمجارەمان زۆر گرنگە، چونکە هاوکارمان دەبێت لەوەی کە پلەی دووەم بەدەست بهێنینەوە و ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە".
 
بارسێلۆنا لەئێستاوە، سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوە و بیرکردنەوە لە پتەوکردنی ریزەکانیەتی بۆ وەرزی داهاتوو. لە دوایین یارییەکانی خۆیدا لە لالیگا، پێداچوونەوە بە ئاستی یاریزانەکانیدا دەکات و خۆی هەڵدەسەنگێنێت، ئەمەش لەپێناو بڕیاردان لە مانەوە یان رۆیشتنی ئەو یاریزانانەی ئەمساڵ درێسی یانەکەیان پۆشیبوو.