وەرزشڤانێکی کورد بووە پاڵەوانی ئاسیا

رووداو دیجیتاڵ 

وەرزشڤانێکی خەڵکی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ئاریا مام عەبدوڵڵا و ئەندامی تیمی نەتەوەیی جێمناستیکی ترامپولینی ئێران لە پاڵەوانێتیی ئاسیادا کە لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو، میدالیای زێڕی بردەوە و بووە پاڵەوانی ئاسیا. 
 
شەشەمین پێشبڕکێی پاڵەوانێتیی ئاسیا بۆ جێمناستیکی ترامپولین، رۆژانی شەممە، 11ی ئایار و یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024 لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو.
 
زیاتر لە 120 وەرزشڤانی بواری ترامپولین لە 12 وڵاتی ئاسیاوە بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد کە کێبڕکێیان دەکرد بۆ سەرکەوتن بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە پێشبڕکێیەکەدا کە لە سەنتەری وەرزشی تسوێن وان لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو، لە بەشی تەمەنی 17 بۆ 21 ساڵان، وەرزشڤانی کوردی خەڵکی مهاباد و ئەندامی تیمی نەتەوەیی جێمناستیکی ترامپولینی ئێران، توانی بەسەر رکابەرەکانیدا سەربکەوێت و میدالیای زیری بردەوە و بووە پاڵەونی ئاسیا.
 
بە بردنەوەی ئەم میدالیایە، وەرزشڤانە مهابادییەکە توانی یەکەمین میدالیای زێر لە بواری جێمناستیکی ترامپولین بۆ ئێران لە پێشبرکێیەکانی ئاسیادا بەدەست بهێنێت، هەروەها بۆ یەکەمینجار لەسەر ئاستی ئێران، ناسر هوشیاری، راهێنەر و ناوبژیوانی خەڵکی مهاباد، وەک ناوبژیوان لەو پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەدا ئامادە بوو.
 
ئاریا مام عەبدوڵڵا تەنیا وەرزشڤانی ئەو بوارەیە کە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بانگهێشتی تیمی نەتەوەیی ئێران کراوە.
 
هاوینی ساڵی 2022، ئەو وەرزشڤانە کوردە بەشداری لە پێشبڕکێی جیهانی ئەو بوارەدا کرد کە لە پورتوگال بەڕێوەچوو و لەو پێشبرکێیە نێودەوڵەتییەدا توانی ببێتە پاڵەوانی جیهان.