ڤینی بۆمبەکە دەتەقێنێتەوە

13-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
رووداو هەولێر 

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، داوایەکی سەرسوڕهێنەری ئاراستەی لۆکا مۆدریچی هاوڕێی کرد کە نزیکە لە جێهێشتنی قەڵای شاهانە. ئەو کارەی ڤینی لەلایەن هەندێک کەسەوە بەوە لێکدرایەوە کە یەکەم ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڤینی بە هاتنی کیلیان دڵخۆش نییە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کرد کە لوکا مۆدریچ ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جێدەهێڵێت، ئەمەش دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی نزیکبووەوە لە پۆشینی درێسی تیپی شاهانە.
 
یاریزانە کرواتییە تەمەن 38 ساڵەکە، درێسی ژمارە 10 بۆ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بەجێدەهێڵێت، کاتێک بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
ڤینیسیۆس لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، وێنەیەکی خۆی لە ستۆری بڵاوکردەوە و پەیامێکی بۆ ئەستێرە کرواتییەکە نارد و پێیگوت "ئەفسانە.. بمێنەرەوە". کە لە راستیدا مانەوەی لوکا دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئێمباپێ نەتوانێت درێسی ژمارە 10ـی ریال مەدرید لەبەربکات، بەو پێیەی یانەکە ناتوانێت ئەفسانەیەکی وەک مۆدریچ ناچاربکات درێسەکە بداتە یاریزانێکی دیکە.
 
مۆدریچ دەبێت بڕیارێک سەبارەت بە داهاتووی خۆی بدات، بەو پێیەی پێشتر دەستەوارەیەکی لە سعودیەوە پێگەیشتبوو، بەڵام رەتیکردەوە، لە هاوینیشدا دەبێت شوێنێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت، کە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە مۆدریچ بەنیازە بچێتە لای لیۆنێل مێسی لە ئینتەرمەیامی.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، مۆدریچ دەیەوێت لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەردەوام بێت، ئەگەر کارگێڕیی یانەکەش پێشنیازی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ بکات، ئەوا دەستبەجێ رازی دەبێت.
 
مۆدریچ لە هاوینی 2013 لە یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزییەوە بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ رووی لە یانەی ریال مەدرید کرد، کە لەگەڵ یانەی مێرێنگێ هەموو نازناوە  بەکۆمەڵەی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی تاکەکەسیش باڵۆن دۆری بردووەتەوە.
 
ئەستێرە کرواتییەکە تاوەکو ئێستا لە ماوەی ئەم وەرزەدا لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری 41 یاری کردووە لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا، لەو ماوەیەدا 2 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە