ساوسگەیت مەشقدانی مانچێستەر یونایتد رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گاریس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، دووپاتیکردەوە هەموو بیرکردنەوەی لەسەر یۆرۆی 2024ە کە هاوینی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت، لە کاتێکدا میدیاکان باس لە نزیکیی ئەو لە مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتد دەکەن.
 
ساوسگەیتی 53 ساڵ، خۆی بۆ پێشەوایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە یۆرۆدا ئامادە دەکات، لەکاتێکدا سەرچاوەکان دەڵێن، ئەوە دوایین پاڵەوانێتییە کە ئەو راهێنەرە لەگەڵ هەڵبژاردەکە ئەنجامیدەدات.
 
گرێبەستی ساوسگەیت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مانگی دوانزەی ئەمساڵ کۆتایی دێت، دەگوترێ ئەو راهێنەرە بەربژێرە بۆ مەشقدانی مانچێستەر یونایتد، ئەگەر یانەکە بڕیار بدات ئێریک تێن هاگ لە مەشقدانی دووربخاتەوە.
 
ساوسگەیت لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا، گوتوویەتی، حەزم بەگرەوکردن نییە، دەتوانن هەموو جۆرە ئەگەرێک بۆ داهاتووی من دابنێن، بەڵام دانوستاندنم لەگەڵ هیچ کەسێک و یانەیەک نەکردووە، تەنیا یەک شتم هەیە بیری لێدەکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە پاڵەوانێتییەکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئینگلتەرا ئەنجام بدەین، دەنا هەر شتێکی دیکەی دوور لەوە، لای من بایەخی نییە.
 
ساوسگەیت لە ساڵی 2016ەوە راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە، پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی خوار تەمەن 21 ساڵی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بووە.
 
ساوسگەیت دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر باسی هەر شتێکی دیکە بکەم، فۆکەسم لەسەر ئامانجەکەی ئێستام لادەچێت، پێموایە هەموو ئینگلتەرا چاوەڕێی ئەوە لە من دەکات، کە ببین بیرکردنەوەم تەنیا لای هەڵبژاردەکە، ئەمەش کارە دروستەکەیە کە دەبێ بیکەم.
 
ئەوە هەروەها گوتوویەتی، هاندەرانمان لەگەڵ خۆمان بردە سێ پاڵەوانێتیی جیاواز و نایاب، پێموایە هەمووان چاوەڕێی بەردەوامیمان لێدەکەن و ئێمەش هەلێکی باشمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەوە.
 
ساوسگەیت، پێشەوایەتی ئینگلتەرای کرد بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا، ئەوە یەکەمجار بوو لە دوای ساڵی 1990ەوە هەڵبژاردەکە بگاتە ئەو ئاستەی مۆندیال.
 
پاشای هەڵبژاردەکە گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2021 و لەوێ بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان بەهەڵبژاردەی ئیتاڵیا دۆڕا.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەیەوێت لە یۆرۆی ئەمساڵدا بەهۆی بوونی پێکهاتەیەکی بەهێزەوە، دەستکەوتی لە یۆرۆی پێشوو باشتر بێت.
 
ئینگلتەرا لە یۆرۆ، لە کۆمەڵەی سێیەم یارییدەکات و رووبەڕووی سڕبیا، دانیمارک و سلۆڤینیا دەبێتەوە.