رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان، دوایین یاریی خۆی بەدرێسی یانەکەوە لە یاریگەی باخچەی شازادەکان ئەنجامدا و ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکەی کرد.
پاریس سانجێرمان لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی تۆڵۆز یارییکرد، ئەم یارییە دوایین یاریی کیلیان ئێمباپێ لە یاریگەی یانەکەیدا، دوای ئەوەی رایگەیاند، لە کۆتایی وەرزدا لە یانەی پاریس سانجێرمان دەڕوات و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێناکاتەوە.
هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان، بەشێکیان فیکەی ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئێمباپێ لێدا و بەشێکیشیان بانەرێکی سەرنجراکێشیان لەنێو یاریگەدا بۆ ماڵئاواییکردن لە ئەستێرە فەرەنسییەکە بەرزکردەوە.
سەرەتا کیلیان ئێمباپێ گۆڵێکی بۆ پاریس سانجێرمان تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست، ئەمە گۆڵی 27ـەمی یاریزانەکە بوو لەم وەرزەی خولی فەرەنسادا و بووە گۆڵکاری خولەکە.
دوای ئەوە یانەی میوان باشتر دەرکەوت و بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ وەڵامی پاریس سانجێرمانی دایەوە و یارییەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە میواندارەکەی بردەوە و سێ خاڵی یارییەکەی بەدەستهێنا.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ یاریزانانی پاریس سانجێرمان، ئاهەنگیان بۆ بردنەوەی نازناوی خولی فەرەنسا گێڕا، ماڵباتی یاریزانەکانی پاریس سانجێرمان هاتنە نێو یاریگە و یەکە بەیەکە ماڵئاواییان لە کیلیان ئێمباپێ کرد.
ئەستێرە فەرەنسییەکە بە چوار دەوری یاریگەدا گەڕا و سڵاوی لە هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان کرد.
ئێمباپێ چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، لە کۆتایی وەرزدا لە یانەی پاریس سانجێرمان دەڕوات و گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە، دوای 7 ساڵ یارییکردن لە دەرەوەی فەرەنسا پێویستی بە ئاڵنگارییەکی نوێیە.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکات و میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە دوای ئەنجامدانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی ریال مەدرید گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە رادەگەیێنێت."
لەبەرامبەر پەیوەندیکردن بە یانەکەوە، ریال مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشتی گرێبەستکردن لە ماوەی 5 ساڵدا دەداتە کیلیان ئێمباپێ و مووچەیەکی بەرزیش کە دەکرێت ببێتە بەرزترین مووچە لە یانەکەدا دەداتە ئەستێرە فەرەنسییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ