بارسێلۆنا هەنگاوێکی گرنگ لە ئامانجەکەی نزیکدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەنگاوێکی گەورە لە گواستنەوەی ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی ئەڵمانی و یانەی مانچێستەر سیتی نزیکدەبێتەوە.
 
گوندۆگان گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی ئەمساڵ تەواو دەبێت، یاریزانەکە دەتوانێت بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات.
 
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "سەرەتا بارسا رووبەڕووی کێشە بووەوە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ یاریزانە ئەڵمانییەکە، بەهۆی ئەوەی ئیلکای داوای هەمان مووچەی دەکرد، کە لە مان سیتی وەریدەگرێت، کە مووچەکەی 7 ملیۆن و 28 هەزار یۆرۆیە لە یانە ئینگلیزییەکە."
 
گوندۆگان بەهۆی ئەوەی دەیەوێت لە بارسێلۆنا یاریی بکات، نەرمیی نواندووە و ئامادەیە مووچەکەی کەمبکاتەوە، بۆ ئەوەی کارەکانی گرێبەستەکە بکرێن.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکان، بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی بۆ 3 ساڵ بۆ گوندۆگان ئامادەکردووە و هەلی ئەوەشی پێدەدات ماوەیەکی زیاتر لە یاریگەکاندا بەردەوامبێت.
 
بارسێلۆنا دوای رۆیشتنی بوسکێس، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا پێویستیی بە گۆڕانکاری دەبێت، بەتایبەت لە شوێنی ئەو یاریزانە بۆشایی دروستدەبێت و یانەکە پێویستیی بە یاریزانی نوێ دەبێت، هەرچەند ناوی سۆفیان ئەمرابت، رۆبن نێڤێس و گوندۆگان لەگەڵ یانەکە دەهێنرێت، بەڵام رەنگە ئەمە دوایینیان گواستنەوەی ئاسانتربێت، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی کۆتاییدێت و خۆیشی دەیەوێت لە بارسا یاریی بکات.