ڤینیسیۆس باشترین یاریزانی جیهانە؟ ئەنچیلۆتی وەڵام دەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە یارینەکردن بە چەند یاریزانێکی لە یاریی ئەمشەویاندا سەرکێسی نییە، چونکە هەموو یاریزانەکانی باشن، گوتیشی "پێموایە ڤینیسیۆس ئێستا ئەگەر باشترین یاریزانی جیهان نەبێت، زۆر نزیکە لەوەی باشترین بێت".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 34ـی لالیگادا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ، میوانداری یانەی خیتافی دەکات و هەوڵدەدات یارییەکە بباتەوە، ئەگەرچی یاری بە کۆمەڵێک یاریزانی سەرەکی ناکات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، رەتیکردەوە پشوودان بە هەندێک لە یاریزانەکانی سەرکێشی بێت و گوتی "من هیچ سەرکێشییەک ناکەم، چونکە یاریزانی نوێمان زۆرە. یارییەکەمان زۆر قورسە، چونکە ئەوان تێدەکۆشن بۆ ئەوەی خۆیان لە دابەزین لە خولەکە بپارێزن، بۆیە یارییەکی زۆر قورس دەبێت. پێویستمان بە تازەیی و وزەیە".
 
سەبارەت بەوەی ئایا ڤینیسیوس جۆنیۆر ئێستا باشترین یاریزانی جیهانە یان نا؟ راهێنەری ئیتاڵیی یانەی شاهانە، لە وەڵامدا گوتی "پێموایە ڤینیسیۆس ئێستا ئەگەر باشترین یاریزانی جیهان نەبێت، زۆر نزیکە لەوەی باشترین بێت. زۆر شت دەدات بە تیپەکە. زۆر یەکلاکەرەوەیە، ئه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌ره‌، گۆڵ دەکات. هیوادارم بەردەوام بێت لەو کارە".
 
کارلیتۆ، لەبارەی رۆدیگێریشەوە، گوتی "ژمارەکان دەڵێن رۆدریگۆ نزیکەی هەموو یارییەکی گرنگی ئەنجامداوە، ئەگەر هەمووی نەبن، چونکە زۆر بەباشی یاری کردووە و شایەنی ئەوە بووە. پێشکەوتنی زۆری بەدەستهێناوە و تیپەکە زۆر باش مامەڵە لەگەڵ سێ هێرشبەردا دەکات، ئێمەش بەڕاستی دەیکەین".