مێسی بەرەو کوێ؟.. ئەو پرسیارەی کەس سەری لێدەرناچێت

13-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژ بە رۆژ هەواڵەکان لەسەر داهاتووی لیۆنێل مێسی، باشترین یاریزانی جیهان گەرمتر و زیاتر دەبن، هێشتا کەس نازانێت ئەو وەرزی داهاتوو لە کوێ یاری دەکات؟ لە پاریس دەمێنێتەوە؟ کە ئەمە ئەگەرێکی زۆر لاوازە. دەچێتە سعودیە؟ دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا؟ یان دەچێتە ئەمریکا.
 
ئەگەرچی دوای سزادانی مێسی لەلایەن یانەی پاریس سانجێرمانەوە و دواتر کەمکردنەوەی سزاکەی و گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی یانەکەی، پاش ئەوەی داوایلێبوردنی کرد، دۆخەکە هەندێک هێوربوونەوەی بەخۆیەوە بینی و هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانیش باسیان لەوە کرد کە هێشتا بەرپرسانی یانەی پاریس هیوایەکیان هەیە لیۆ رازی بکەن گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام ئەوە ئەگەرێکی زۆر لاوازە، بەتایبەتی کە ئەوانەی نزیکن لە مێسی باس لەوە دەکەن کە لیۆ بڕیاری خۆی داوە و لەو یانەیە نامێنێتەوە. 
 
پێشتریش فابریزیۆ رۆمانۆی میدیاکاری بەنێوبانگی ئیتاڵی و پسپۆڕی مێرکاتۆ، دووپاتیکردووەتەوە کە خۆرخێی باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی مێسی، پێشتر بە بەرپرسانی پاریسی گوتووە "لیۆ گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە و لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکە دەڕوات".
 
گومان لەسەر ئەوە نییە کە ئامانجی یەکەمی مێسی گەڕانەوەیە بۆ بارسێلۆنا، بەرپرسانی یانەکەش ئەوە ناشارنەوە کە دەیانەوێت لیۆ بگەڕێننەوە، بەڵام راشکاوانە باس لەوەش دەکەن، کە گەڕاندنەوەی لیۆ ئەرکێکی ئاسان نابێت و دەبێت کاری زۆر بکەن بۆ ئەوەی دەستەی لالیگا رێگە بە گەڕانەوەی مێسی بۆ لالیگا بدات، بەتایبەتیش دەبێت دەرچەیەکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی یاسای دارایی یاریی خاوێن نەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو هەوڵانەی بارسادا، ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە، دەبێت هەندێک لە یاریزانەکانی بفرۆشێت و مووچەی یاریزانانی بە راددەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
 
بژاردەیەکی دیکەی بەردەم لیۆ مێسی، خولی سعودیەیە و دوور نییە ئەویش چاو لە کریستیانۆی 15 ساڵ رکابەری بکات، کە بەپێی زۆر لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، ئەگەرچی ئامانجی یەکەمی خاوەن زە بێست گەڕانەوەیە بۆ بارسا، بەڵام ئەگەر نەتوانێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بڕیاری چوونە سعودیە دەدات، بەتایبەتی کە باڵیۆزی گەشتوگوزاری سعودیەیە. سعودیەش دەیەوێت گرێبەستێکی گرانبەها و درێژخایەنی پێشکێش بکات بۆ ئەوەی وەک رۆناڵدۆ بەشداری لە هەڵمەتی بانگەشە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لە لایەن سعودییەوە بکات.
 
یانەی هیلال ئامادەیە زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانە وەک مووچە بداتە مێسی، ئەگەرچی دوێنێ لە دوای یاریی کۆتایی جامی خادم ئەلحەرەمەین ئەلشەریفەیندا، ئەو پرسیارەیان رووبەڕووی فەهەد بن سەعەد بن نافل، سەرۆکی یانەی هیلال کردەوە؟ بەڵام ئەو لە وەڵامدا گوتی "پرسیار لەبارەی مێسییەوە لە من نەکەن". پێشتریش بە چەند کاژێرێک یانەکەی بەفەرمی رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ مێسی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا دوای یارییەکە کە هیلال بووە پاڵەوانی جامەکە، هەموو هاندەرانی هیلال بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد، مێسی، مێسی..

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە