ئەمڕۆ فایناڵی جامی ئەڵمانیا دەکرێت

13-05-2021
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن جامی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا لە نێوان هەردوو یانەی لایپزیگ و بۆرووسیا دۆرتمونددا دەکرێت.

یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان لە یاریگای ئۆڵیمپی بەرلیندا لە نێوان هەردوو یانەدا دەکرێت.

بۆرووسیا دۆرتموند پێشتر چوار جار ئەم نازناوەی بەدەستهێناوە و لایپزیگیش تاوەکو ئێستا ئەم نازناوەی بەدەستنەهێناوە و لە ئەگەری بردنەوەی ئەم پاڵەوانێتییە دەبێتە یەکەم نازناو لە مێژووی یانەکەدا.

لە بۆرووسیا دۆرتموند 7 یاریزان یاریناکەن، لە سەروو هەموویانەوە ئێرلینگ هالاندی گۆڵکاری یانەکە و ئاکسێل ڤیتسێلن، بەڵام یاریکردن یان نەکردنی هالاند جێی گومانە و سەیری بارودۆخی دەکرێت سەبارەت بە یاریکردنی.

لە لایپزیگ 5 یاریزان بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن کە 3 لەو یاریزانانە یاریزانی سەرەکی یانەکەن و بەتەواوی لەلایەن راهێنەری یانەکەوە پشتیان پێدەبەسترێت.

پێش دەستپێکردنی یارییەکە ئێدین تارزیچی راهێنەری بۆرووسیا دۆرتموند لە کۆنگرەیەکی رۆژانەڤانیدا گوتی، دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە و نازناو بەرزبکەینەوە، هەموو هەوڵێک بۆ ئەم کارە دەدەین، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین بردنەوە لە لایپزیگ ئاسان نییە.

یولیان ناگلسمانی راهێنەری لایپزیگیش گوتی، یانەکەمان زۆر دڵتەنگ بوون بە لەدەستدانی نازناوی خولی ئەڵمانیا، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەرمان نابێت، ئێستا هەلێکە لە بەردەممان بۆ ئەوەی یانەکەمان یەکەم نازناو لە مێژوویدا بەدەستبهێنێت، زۆر دڵخۆش دەبم بە بەدەستهێنانی نازناوێک یانەکەم جێبهێڵم.

هەردوو یانە تاوەکو ئێستا 10 یارییان بەیەکەوە ئەنجامداوە، بۆرووسیا دۆرتموند لە 6 یاریدا براوە بووە و لایپزیگیش لە 2 یاریدا براوە بووە، لە 2 یاریشدا یەکسانبوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە