شکرینیار ئامانجی داهاتووی بارسایە

13-05-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن میلان شکرینیار
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت بە گواستنەوەی بەرگریکارێکی یانەی ئینتەرمیلان، خۆی بەهێزبکات و لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆبکات.

کارگێری یانەی بارسێلۆنا بۆ جێگرتنەوەی جیرارد پیکێ، بەرگریکاری یانەکە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی دیکە واژۆبکات، بەتایبەت کە تەمەنی پیکێ بەرەو هەڵکشانە و ئاستیشی دابەزیووە.

میدیای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بارسێلۆنا پلانی گواستنەوەی میلان شکرینیاری داناوە، بۆ ئەوەی بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دووانەیەکی بەهێز لەگەڵ کیلیمێنت لینگلێت، لە یانەکەدا دروستبکەن.

نرخی ئێستا شکرینیار لە بازاری گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ، بەرپرسانی ئینتەر بە ئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکە نابن، مەگەر دەستەوارەیەکی دارایی گەورەیان پێشکێشبکرێت.

میلان یەکەم یاریزانی ئینتەرمیلان نییە، بارسێلۆنا گرنگی پێدەدات، بەڵکو ماوەیەکی زۆرە یانەکە هەوڵی گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەری ئەرجەنتینیش دەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە