ئێمباپێ هێرش دەستپێدەکات

13-04-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یانەی پاریس سانجێرمان یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناکۆکیی نێوان کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی ریال مەدرید و پێشووی پاریس سانجێرمان و یانەکەی بەردەوامە، پاشئەوەی پارێزەرەکانی هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشیان بۆسەر یانە فەرەنسییەکە کرد.
 
ئێمباپێ داوای بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات، وەک پاداشت و مووچە کە نەیدراوەتێ پاشئەوەی ویستی خۆی بەڕۆیشتن لە یانەکە و چوونە ریال مەدرید لە هاوینی رابردوودا ئاشکراکرد.
 
کیلیان، گرێبەستی لەگەڵ سێ پارێزەری پسپۆری یاسای تاوانکاریی و کرێکاریی کردووە، لە رێگەی ئەوانەوە بڕیاریداوە هێرش بۆسەر یانەکە تووندتر بکات و سوورە لەسەر داواکردنی ئەو 55 ملیۆنژ یۆرۆیە.
 
پارێزەرەکانی کیلیان لە دوایین هەنگاودا، رایانگەیاند 55 ملیۆن یۆرۆ لە ئەژمارە داراییەکانی یانەکە بلۆککراوە و ئەوەش بەهەڵچوونێکی مەترسیداری دۆسێ ناکۆکەکەی نێوان هەردوولا تەماشا دەکرێت.
 
نوێنەرە یاساییەکانی ئێمباپێ لە پاریس کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان بەست، کە تێیدا فایزە عەماری، دایک و بەڕێوەبەری کارەکانی ئێمباپێ ئامادەبوو، ئەوان داوایان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا) کرد، بێتە نێو کەیسەکەوە و هەڕەشەیان لە پاریس سانجێرمان کرد، بەلێسەندنەوەی مۆڵەتی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
 
پاریس سانجێرمان، سوورە لەسەرئەوەی کیلیان مافی داواکردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە، سوورە لەسەر کۆتایی پێهێنانی دۆسێیەکە بەبێئەوەی پارەکە بدات.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی پاریسدا، دیلڤین فەرهادین، پارێزەری ئێمباپێ ئاشکرایکرد، کاپتنی فەرەنسا لەگەڵ وەزیری وەرزشی وڵاتەکەدا کۆبووەتەوە بۆ چاوخشاندنەوە بەناکۆکییەکانی لەگەڵ یانەکە و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سزادانی یانە پاریسییەکە.
 
پارێزەرەکەی ئێمباپێ گوتی، ئیدی هێرش دەستپێدەکەین.
 
ئەگەرچی دەستەی خولی فەرەنسا دەڵێ، پێویستە پاریس سانجێرمان پارەکە بداتە ئێمباپێ، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا ئەو رێکارە رەتدەکاتەوە، بەبیانووی ئەوەی کە هێشتا دۆسێیەکە لە دادگایە و بڕیاری کۆتایی لێنەدراوە.
 
دەستەی پارێزەرانی ئێمباپێ، پەنایان بردە بەر دادگایەکی پاریس بۆ بلۆککردنی 55 ملیۆن یۆرۆی یانە فەرەنسییەکە و تۆماس کلای، یەکێک لە نوێنەرە یاساییەکانی کیلیان گوتی، سەرکەوتووبووین لەوەی 55 ملیۆن یۆرۆی یانەکە لە بانکدا بلۆک بکرێت.
 
تاوەکو ئێستا یانەی پاریس سانجێرمان هیچ لێدوانێکی لەسەر بلۆک کردنی ئەو بڕە پارەیە نەداوە.
 
ئێمباپێ هەروەها سکاڵایەکی دیکەی لەسەر سانجێرمان تۆمارکردووە لە دژی گوشارخستنەسەری بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە، بەرلەوەی ماوەی گرێبەستەکەی کۆتایی بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە