ڤیدیۆ؛ داعش هەڕەشە لە بەهێزترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی یارییەکانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، هەڕەشەکانی داعش لەسەر یاریگەکانی ئەو پاڵەوانێتییە، بوونەوە رۆژەڤی دەزگا ئاسایشپارێزەکانی ئەوروپا.
 
بەچەند رۆژێکی کەم بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی چوونی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە، رێکخراوی داعش لە پەیامێکدا ئەو یاریگایانەی دەستنیشانکرد کە یارییەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت و لە ژێر دروشمی هەموویان بکوژن، هەڕەشەی لە یاریگەی شارەکانی مەدرید، لەندەن و پاریس کرد و ئەوە وایکرد پۆلیسی ئەو شارانە رێوشوێنی تووند بەر لە یارییەکان و لەکاتی بەڕێوەچوونیان بگرنە بەر و خاڵی پشکنینی چڕ لە نزیک یاریگەکان دابنرێن و ژمارەی زۆری پۆلیس بڵاوەیان پێبکرێت.
 
ئەگەرچی یارییەکانی چوونی پاڵەوانێتییەکە بەبێ کێشە ئەنجامدران، بەڵام ئەوروپا کە خۆی بۆ بەڕێوەچوونی یۆرۆ لە هاوینی ئەمساڵدا ئامادە دەکات، هەست بەهەستیاریی دۆخەکە دەکات و دەیەوێت بەدواداچوونی ورد بۆ هەڕەشەکانی داعش بکات، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا لە رووسیا رووداوی هێرشکردنە سەر ئاهەنگێکی شەوانە، جارێکی دیکە چالاکبوونەوەی رێکخراوەکەی دووپاتکردەوە.
 
لەسەروبەندی یۆرۆدا، بەرپرسانی ئاسایشی ئەڵمانیا کە دە یاریگەی وڵاتەکەی بۆ لەخۆگرتنی فێستیڤاڵە ئەوروپییەکە ئامادەکردووە، ئاماژەیان بەوەدا کە ئەگەر هەیە داعش ئەمجارە یاریگەکانی ئەو پاڵەوانێتییە بۆ هێرشەکانی بەئامانج بگرێت.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، لقی خوراسانی داعش لە دوایین هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی خۆیدا، هەڕەشەی نوێی لە یاریگەکانی ئەوروپا کردووە و ئەمجارە بەڕوونی ئەوەی خستووەتە روو کە یاریگەکانی یۆرۆ، بەئامانج دەگیرێن.
 
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، داعشی خوراسان لە هەڕەشەکەیدا وێنەی چەکدارێکی تیرۆریستی بڵاوکردووەتەوە کە لەنێو ترامێکی ئەڵمانیدایە و لەژێریدا نووسراوە دوایین پەیوەندی بەر لە چوونە دەرەوە لە ئەوروپا. لە وێنەکەدا و لە تەنیشت چەکدارەکەوە سندووقێکی پڕ لە تەقینەوە هەیە کە دەڵێ بەخێربێن بۆ ئەوروپا.
 
بەرپرسانی ئاسایشی ئەڵمانیا پێیانوایە، داعشی خوراسان تۆڕێکی زیاتر لە سەد ئەندامیی لە ئەوروپا هەیە کە پەنجا لە ئەندامانی ئەو تۆڕە لە ئەڵمانیا دەژین.
 
بەرپرسە ئەڵمانییەکان گوتوویانە، هەڕەشەکانی داعش روونیدەکاتەوە کە ئەو رێکخراوە بەدڵنیاییەوە ئامانجی هێرشکردنە سەر یۆرۆیە، بەچاوپۆشین لەوەی کەی و کێ هێرشەکە ئەنجامدەدات.