بە 15 خولەک سەرجەم بلیتەکانی فرۆشران و 70 هەزار هاندەر بەهۆی مێسییەوە دەچنە یاریگە

رووداو دیجیتاڵ
لە خولی یانەکانی ئەمریکا، بەرەبەیانی سبەی یانەی ئینتەرمەیامی لە یارییەکی بەهێزدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی سپۆرتینگ کانساس سیتی دەبێتەوە.
یارییەکە کاژێر 03:30ـی بەرەبەیان لە رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی خولەکەدا بەڕێوەدەچێت، یارییەکە لە یاریگەی ئارۆهێد لە کانساس بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی تەنیا 15 خولەکدا سەرجەم بلیتەکانی ئەم یارییە بەهۆی یارییکردنی لیۆنێل مێسییەوە فرۆشراون و چاوەڕواندەکرێت 76 هەزار هاندەر لە یاریگەدا ئامادەبن.
ئینتەرمەیامی لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر لە جامی کۆنکافدا بە یانەی مۆنتێری مەکسیکی دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد، مێسی و هاوڕێکانی لە مەیامی دەیانەوێت قەرەبووی کرانە دەرەوەکەیان بکەن.
بەر لە یارییەکە ئینتەرمەیامی لە بەشی رۆژهەڵاتی خولەکەدا لە پلەی سێیەمی ریزبەندە، کانساس سیتی لە بەشی رۆژئاوای خولەکە یاریی دەکات و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندە.
ئینتەرمەیامی لە خولی ئەمریکادا تاوەکو ئێستا 8 یاریی ئەنجامداوە. 3 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە و لە 2 یارییدا دۆڕاوە، لە بەشێکی یارییەکانی یانەکەدا بەهۆی پێکانەوە لیۆنێل مێسی ئامادەنەبووە، بەڵام بۆ یارییەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت بەشێوەی سەرەکی یاری بکات.