ریال مەدرید لەبەردەم هەفتەیەکی چارەنووسسازدایە و بارسێلۆنا لە کادێزە

13-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا، ریال مەدرید، بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵکشانی زیاتر بەرەو نازناوەکە و بەردەوامبوون لەسەر ریتمی نموونەیی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا، کۆکراوەی هەوڵەکانی یانەی ریال مەدرید دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی ریال مایۆرکادا لەسەر یاریگەی ئەو یانەیە.
 
ریال مەدرید کە بەرلە یارییەکە حەوت خاڵ لە بارسێلۆنای رکابەرییەوە دوورە، بەتەماشاکردنی خشتەی یارییەکانی چەند هەفتەی داهاتووی خۆی و چاوەڕوانی بۆ کلاسیکۆ لە هەفتەی داهاتوودا، پاڵنەری دەبێت بۆ ئەوەی هیچ سەرکێشی و سوپرایزێک لە یارییەکەدا قبووڵنەکات و فۆکەسی لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە بێت بەزووترین کات.
 
ریال مەدرید کە هەفتەی چارەنووسسازی هەیە بەڕووبەڕووبوونەوەی ریال مایۆرکا، پاشان مانچێستەر سیتی و دواتریش بارسێلۆنا، پێویستی بەوە هەیە خۆی لە کەوتنە نێو گێژاوی لەدەستدانی خاڵەوە بدات، چونکە باشبوونی ئەنجامەکانی بارسێلۆنا و بێئومێدنەبوونی لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، هەڕەشەیەکی راستەقینەیە لەسەر ئەو یانەیە.
 
ریال مەدرید کە لە ناوەڕاستی هەفتەدا هاندەرەکانی نیگەرانکرد کاتێک لەگەڵ سیتی لە چامپیۆنزلیگ هەلی بردنەوەیەکی بەرچاوی لەدەستدا، رازیکردنی هاندەرەکانی و دڵنیاکردنەوەیان لەوەی تیپەکە دەستبەرداری نازناوی لالیگا نابێت، ئامانجی سەرەکییەتی، بەڵام ئەرکەکەی لە بەرامبەر ریال مایۆرکادا، ئەرکێکی ئاسان نییە.
 
ریال مایۆرکا، ئێستا لەپێناو مانەوە لە لالیگا دەجەنگێت و ئەو یانەیە کە لە پلەی پانزەی ریزبەندی خولەکەیە، دەست بەهەموو خاڵێکەوە دەگرێت بۆ ئەوەی لە پێشبڕکێی خولەکەدا بەردەوام بێت، چونکە تەنیا شەش خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وەرزدا، ململانێکانی نێو خولەکە گەورەتر و گەرمتر دەبێت.
 
بارسیلۆنا لای خۆیەوە گەشتێکی بۆ رۆژئاوای ئیسپانیا و بۆ شاری کادیز هەیە کە گەشتێکی پڕ مەترسی دەبێت، بەڵام بارسێلۆنا بەورەیەکی بەرزەوە روو لە کەناراوەکانی ئەو شارە دەکات، پاشئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا، بەبردنەوەیەکی گرنەوە لە پاریسەوە گەڕایەوە.
 
بارسێلۆنا دەیەوێت هەفتەیەکی دیکە ململانێ لەگەڵ ریال مەدرید لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا درێژە پێبدات و چاوی لە بردنەوەی خۆی و چاوەڕێکردنی سوپرایزێکە کە دەکرێ لە مایۆرکاوە هەموو هاوکێشەی خولەکە و چارەنووسی نازناوەکەی بگۆڕێت.
 
بارسێلۆنا کە لە هەفتەکانی رابردوودا سووربوونی زۆری لەسەر ویستی بەدەستهێنانەوەی نازناوی لالیگا پێشانداوە، پێشبینی کەوتن یان هیچ سوپرایزێک لە کادیز ناکات، تیپێک کە لە 2020ەوە لە یاریگەی خۆیدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بەسەر بارسادا بەدەست بهێنێت.
 
چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆنا کە پێشبینیدەکرێت ئەمشەو ژمارەیەک یاریزانی سەرەکیی تیپەکە پشوو پێبدات، بەهاندەرەکانی گوتووە ئەمشەو چاوەڕێی جارێکی دیکە دەرکەوتنەوەی ڤیتۆر رۆکی هێرشبەری لاوی یانەکە بن.
 
هەردوو تیپە رکابەرەکە لەسەر نازناوی لالیگا، بەر لە کلاسیکۆ و لە یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، ئامانجیان هیچ خاڵێک لەدەستنەدەن و بەباشترین شێوە روو لە کلاسیکۆی نێوانیان بکەن کە هەفتەی داهاتوو لەسەر سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆیاندەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).