سیتی ماندووە و یونایتد بێ بەرگرییە


رووداو دیجیتاڵ

لە نێو سکاڵاکانی پێپ گواردیۆلا لە خشتەی چڕی یارییەکانی تیپەکەی و ناچاربوون بە هەوڵدانێکی دیکەی تاقەتپڕووکێن، بۆ مانەوە لە نێو بازنەی ململانێ لەسەر نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ، مانچێستەر سیتی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی لۆتن تاون، یەکێک لە تیپە هەڕەشە لەسەرەکان بۆ دابەزین لە پرێمەرلیگ دەکات.
 
مانچێستەر سیتی، کە لە ریزبەندی خولەکەدا تەنیا یەک خاڵ لە پێشەنگەوە دوورە، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە پارێزگاریی لە دینامیکیەتی خۆی کردووە لە یارییەکانیدا و گەڕانەوە بەیەکسانبوونێکی بەبەهاوە لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو بەرامبەر ریال مەدرید، ئاماژەیەکی دیکەبوو بۆ ویستی گەورەی پێپ و یاریزانەکانی بەوەی کە دەیانەوێت تاوەکو دواسات، لەپێناو نازناوەکاندا تێبکۆشن.
 
پێپ ناچارە لە نێوان هەردوو رکابەرییە تووندەکەدا لە چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ، هاوسەنگیی لە پێکهاتەکەیدا دروست بکات، ئەگەرچی ئەو وەک یاریزانەکانی بەدەست هەموو سێ رۆژ یارییەکەوە شەکەتبووە و ناچارە وەڵام بەداخوازیی هەندێک لە یاریزانەکانی بداتەوە کە پێویستیی خۆیان بەپشوو نەشاردووەتەوە.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لەبارەی ئەو سکاڵایانەوە کە رۆدری کردبوونی بەهۆی ماندووبوونەوە، دەڵێ، 
"قسەم لەگەڵ رۆدریدا نەکردووە، بەڵام ئەگەر پێویستی بەپشوو هەبێت، پشوو وەردەگرێت. هەستدەکەم یارییەکانی کریستاڵ پاڵاس و ریال مەدرید ماندووکەربوون بۆ ئەو، بەڵام لە گێمی دووەمدا باشتربوو لە گێمی یەکەم، ئەو زۆر رایکرد و وردتربوو لە گێمی دووەمدا. بەڵام دۆخەکە پەیوەندی بەتیپەکەوە هەیە بەگشتی، گرنگترین شت توانای جەستەییە و بێگومان ئێمە هەفتانە هەر سێ رۆژ جارێک وزەیەکی زۆری عەقڵی بەخەرجدەدەین، سێ رۆژ جارێک و پاشان سێ رۆژ جارێکی دیکە، بێگومان ئەمە ماندووکەرە".
 
مانچێستەر یونایتدی دراوسێی سیتی، گیرۆدەی کێشەیەکی دیکەیە کە پەیوەندی بەپێکانی یاریزانانەوە هەیە و بەرهەمی ماندووبوونی زۆری یاریزانانی ئەو یانەیەیە.
 
یونایتد لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، رووبەڕووی بۆرنمۆس دەبێتەوە، کە هێشتا لەسەدا سەد لە مانەوەی خۆی لە پرێمەرلیگدا بۆ وەرزی داهاتوو دڵنیا نییە، ئەگەرچی پلەی دوانزەیەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.
 
یونایتد لە یارییەکەی ئەمڕۆدا کێشەیەکی گەورەی لە هێڵی بەرگرییەکەیدا هەیە و هەریەکە لە رافایێل ڤاران، جۆنی ئیڤانز، لیساندرۆ مارتینێز و ڤیکتۆر لیندیلۆڤ تووشی پێکان بوون و جارێکی دیکە ئەرکە گەورەکەی بەرگری دەکەوێتەوە سەر شانی هاری ماگوایەر کە جێگەی پەسنی تێن هاگی راهێنەرە.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، جارێکی دیکە باسی لە ماگوایەر کردووەتەوە، ئەو دەڵێ، "ئێمە هەمیشە بەبوونی ماگوار دڵخۆشین، ئەو دەیەوێت یاری بکات و سەرکردەیەکی مەزنە. بەرگریکەرێکی زۆر باشە. تواناکانی ئەو گەورەن و بۆ ئێمە گرنگە کە ئەو پێشەوایەتی هێڵی بەرگرییەکەمان بکات تاوەکو بتوانین لە پشتەوە یاریی بکەین. ئێمە هەموو کات بەبوونی ئەو دڵخۆشین و پێویستیمان پێیەتی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان".
 
هەردوو یانەکەی شاری مانچێستەر ئامانجەکانیان جیاوازە، بەڵام لە کۆتاییدا گرنگ بۆیان ئەوەیە ئەمشەو سێ خاڵی دیکە بخەنە سەر کۆی خاڵەکانیان و هەنگاوێکی دیکە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، نزیکتر ببنەوە.