لێدوانی راهێنەران.. تێن هاگ و مێندیلیبار گەشبینن

13-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێریک تێن هاگ خۆسێ لویس مێندیلیبار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە لووتکەی یۆرۆپالیگدا، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، کاژێر 22:00 میوانداری یانەی سێڤییای ئیسپانی دەکات، کە راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ میدیاکاران کردووە.
 
پوختەی قسەکانی راهێنەری هەردوو یانە بەمشێوەیە بوون:
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد:
 
سەبارەت بە گەورەیی نێوبانگی سێڤییا لە یۆرۆپالیگ؟ پرسیارەکە بۆ خۆی وەڵامەکەیە، چونکە نێوبانگێکی زۆریان هەیە لە یۆرۆپالیگدا. ئەوان زیاتر لە یانەکانی دیکەی ئەوروپا نازناوی یۆرۆپالیگیان بەدەستهێناوە. کەواتە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیی گەورەیە، بۆیە دەبێت ئاگاداری بین، چونکە ئەوە ئامانجی ئەوانە و لە سەدا سەد دڵنیاین کە ئامانجیان ئەوەیە جارێکی دیکەش ببەنەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت لێیان ببەینەوە دەبێت باشترین تۆپی پێی خۆمان ئەنجام بدەین.
 
دەربارەی پێکانەکەی مارکوس راشفۆرد؟ ئای، بەڵێ بێگومان ئەوە قەیرانە. خۆیشی نائومێد بووە، بەڵام بە تەواوی نەڕووخاوە، چونکە دەزانێت کە بەخێرایی دەگەڕێتەوە. بۆیە گەشبینە و راستەوخۆ دەستیکردووە بە چاکبوونەوە، کە ئەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بەم زووانە بگەڕێتەوە.
 
خۆسێ لویس مێندیلیبار، راهێنەری یانەی سێڤییا:
 
بیرۆکەی ئێمە هەمیشە ئەوە دەبێت کە یارییەکە ببەینەوە بەو هەموو رێزەی کە بۆ بەرامبەرەکەمان هەمانە. هەروەها پێموایە ئەوان رێزمان لێدەگرن، چونکە مێژووی سێڤییا لەم پاڵەوانێتییەدا گەورەیە. پێش ئەوەی بگەینە ئێرە یانەکەمان پێشتر لە دوو تیپی باشی بردووەتەوە و دوو هەنگاو لە یاریی کۆتایی دوورین. ئێستا دەبێت سەرنجمان لەسەر ئەم یارییەمان بێت. بێگومان دەزانین کە ئەم یارییە 180 خولەکە نەک تەنیا 90 خولەک. بەڵام سەرەتا بیر لە یاریکردن و بردنەوەی ئەم یارییە دەکەینەوە.
 
ئەگەر سەیری مێژووی ئەم پاڵەوانێتییە بکەین، دەڵێت سێڤییا یارییەکانی وەک ئەم یارییەی بردووەتەوە، کاتێک ئێمە پاڵێوراویش نەبووین. بێگومان زانینی بەهای بەرامبەرەکەمان گرنگە، یاریزانەکان ئەوە دەزانن. بەڵام دەبێت بۆ سەرکەوتن بچینە یاریگە و بچینە نێو ناوچەکانی بەرامبەر. ئەگەر هەمیشە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەوان چەندە باشن و دەبێت لە ناوچەکەماندا بمێنینەوە بۆ بەرگریکردن، ناتوانین سەرکەوتوو بین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە