لە لووتکەی یۆرۆپالیگدا مان یونایتد رووبەڕووی پاشای پاڵەوانێتییەکە دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

مانچێستەر یونایتد کە پێدەچێ لە یەکەم وەرزی کارکردنی لەگەڵ تێن هاگی راهێنەردا، هێشتا ئومێدی بردنەوەی نازناوێکی دیکەی مابێت، لەوانەیە لەم قۆناخەی پاڵەوانێتی یۆرۆپالیگدا بەهێزترین یاری ئەنجام بدات کاتێک بەرامبەر سیڤییای ئیسپانی یاریدەکات، ئەو یانەیەی هەمووان پێیدەڵێن پاشای یۆرۆلیگ.
 
ئەو قسەیە بەتەنیا ئەوانە نایکەن کە مێژووی پاڵەوانێتییەکە شارەزان، ئیڤان راکیتیچیش کە ئەستێرەیەکی دیاری یانەکەیە هەمان قسە دەکات، ئەو دەڵێ هەمووان ئەوە دەزانن کە سیڤییا خاوەنی شەش نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
 
مان یونایتد، پاش درەوشانەوە و گەشەکردنی ئاست و نزیکبوونەوە بۆ ماوەیەکی کاتیی لە تیپەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ و گەرمبوونی ئەو دەنگۆیانەی باسیان لەوە دەکرد کە یانەکە توانای رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکەی هەیە، جارێکی دیکە کەوتەوە نێو قۆناخی گومان و دوودڵی. هەفتەکانی رابردوو دووپاتیانکردەوە ئەو یانەیە زۆری ماوە بۆ ئەوەی وەک رکابەر لەسەر نازناوی خولە نێوخۆییەکە دەربکەوێتەوە.
 
یونایتد و سیڤییا رەونەقی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە بەرەو سەر دەبەن. یاریی چوون و گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە، وەک میدیای ئەوروپی دەڵێن، بەتامی یارییەکانی چامپیۆنزلیگە و هەردوو یانە لە سایەی ئەگەری سەرنەکەوتنی راستەوخۆیان بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، دەیانەوێت نازناوی ئەم پاڵەوانێتییە، ڤیزای خۆی بینینیەوە لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگیان پێ بدات.
 
یونایتد کە پێشتر یانە گەورەکانی وەک بارسێلۆنا و ریال بیتێسی ئیسپانی بڕیوە، بۆ جاری سێیەم لە وەرزی ئەمساڵدا رووبەڕووی یانەیەکی ئیسپانی دەبێتەوە و ئینگلیزەکان هیواخوازن تیپەکەیان بووبێتە پسپۆڕی وەدەرنانی ئیسپانییەکان لە یۆرۆلیگی وەرزی ئەمساڵدا.
 
کێشەی هەرە دیار لە یارییەکەی ئەمشەودا بۆ یونایتد، وێڕای یاریکردنی لە نێو یاریگەی خۆی، یارینەکردنی مارکۆس راشفۆردی ئەستێرە و هێرشبەری کاریگەری تیپەکەیە کە بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکات و ئەوەش بێگومان دەبێتە هۆکار بۆ لەدەستدانی بەشێکی گەورە لە تواناکانی ئەو یانەیە لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا.
 
سیڤییا لای خۆیەوە چاوی لە هاتنە دەرەوەیە لە ئۆڵدترافۆرد بە کەمترین زیان و دواخستنی یەکلابوونەوەی چارەنووسی سەرکەوتوو بۆ یاری گەڕانەوەیە لە نێو یاریگەی خۆیدا. سیڤییا ئەمساڵ لە قۆناخێکی نائارام و پڕ لە هەوراز و نشێودا تێپەڕیووە. یانەکە رکابەرییەکانی وەرزی لەگەڵ جولین لۆپیتیگێ دەستپێکرد و پاشان خۆرخی سامپاولی کردە راهێنەر و لە چەند هەفتەی رابردوودا خۆسێ لویس میندیلیباری کردە شوێنگرەوەی سامپاولی.
 
میندیلیبار تاوەکو ئێستا لە ناوخۆدا شتێکی ئەوتۆی بۆ سیڤییا نەکردووە، بەڵام وەک یاریزانەکانی دەڵێن، هەست بە جۆشوخرۆشی پێویست دەکەن بۆ پەڕینەوە لەم قۆناخە و بەدەستهێنانی ئەو ویستەش، بێگومان هەنگاوێکی باش دەبێت بە ئاراستەی ئارامکردنەوەی شەپۆلی توڕەیی هاندەرانی یانە ئەندەلووسییەکە.