دوای هەموو یارییەک مێسی بەتەلەفۆن چی بە چاڤی دەڵێت؟

13-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆکانی نزیکبوونەوەی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی، بۆ یانەی بارسێلۆنا زیاتر و زیاتر دەبن، نهێنی نوێ لەبارەی هەوڵەکانی بارساوە بۆ گێڕانەوەی مێسی، ئاشکرابوون.
 
رادیۆی کەتەلۆنیا، نوێترین هەواڵ و نهێنی لەبارەی ئاراستەی هەوڵەکانی بارسێلۆنا بۆ گێڕانەوەی مێسی بۆ ریزەکانی ئەو یانەیە ئاشکرا کردووە.
 
مێسی لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، گەرچی لە گرێبەستەکەدا خاڵێک هەیە ئاماژە بەوە دەکات گرێبەستی نێوان هەردوولا دەکرێ ساڵێکی دیکەش نوێبکرێتەوە، بەمەرجی رازیبوونی هەردوولا، بەڵام تاوەکو ئێستا پێناچێ مێسی مەیلی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان هەبێت.
 
رادیۆ کەتەلۆنییەکە ئاشكرایکردووە، گفتوگۆی بەردەوام و هەفتانە لە نێوان مێسی و چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنادا هەیە.
 
وەک راپۆرتی رادیۆکە ئاشکرایکردووە، مێسی هەفتانە لەگەڵ چاڤی بە تەلەفۆن قسە دەکات، چەندینجار ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا. رادیۆکە ئەوەش دەڵێ کە ئەو دووانەیە بەردەوام باسی بارسا و تیپەکە و ژووری جلگۆڕین دەکەن و مێسی بەردەوام ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە دەیەوێ هاوینی داهاتوو بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.
 
راپۆرتی رادیۆ کەتەلۆنییەکە، دەڵێ لە کۆتاییدا لەوانەیە سۆز و خۆشەویستی رابردوو بۆ بارسێلۆنا، بەسەر هەوڵەکانی سانجێرمان و کارکردنی بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی مێسی لە گرێبەستی نوێدا، سەربکەوێت.
 
ئەو راپۆرتە لە درێژەی ئاشکراکردنی رووداوەکانی پشتی پەردەی پەیوەست بە مێسییەوە، دەڵێ، لیۆ هەفتانە و بەشێوەیەکی رێکخراو لەگەڵ چاڤی قسە دەکات، ئەو پیرۆزبایی سەرکەوتنەکان لە راهێنەری بارسا دەکات، لەگەڵ قسە لەبارەی ئەنجامی یارییەکانەوە دەکەن، کاتێک مێسی ناوی تیپەکە و یانەکە و بارسێلۆنا دەهێنێت، بە دەربڕینی کۆ دەڵێت، "تیپەکەمان"، "یانەکەمان"، "بردنەوەکەمان". هەروەها دەڵێ، "باش یارییمانکرد".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە