گالتێ رەتیدەکاتەوە قسەی بە یاریزانانی رەشپێست و موسڵمان گوتبێت

13-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستۆف گالتێ رەگەزپەرستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە دراونەتە پاڵی، گوایە قسەی رەگەزپەرستانەی دژی یاریزانانی رەشپێست و موسڵمان کردووە، ئەوکاتەی راهێنەری یانەی نیس بووە لە خولی فەرەنسا، هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر.
 
ئار ئێم سی سپۆرت و میدیاکانی دیکەی فەرەنسا هەواڵەکانیان بڵاوکردەوە و بە پشتبەستن بە ئیمەیڵێکی دزەپێکراوی جولیان فۆرنێر، بەڕێوەبەری پێشووی یانەی نیس، کە بۆ خاوەنی یانەکەی ناردووە و تیایدا گالتێ بەوە تۆمەتبار دەکات کە گوتوویەتی یاریزانی رەشپێست و موسڵمان زۆرن لە پێکهاتەکەیدا، ئەوەش بێزاری کردووە.
 
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن پارێزەرەکەیەوە بۆ میدیاکانی فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە، گالتێ رایگەیاندووە، کاتێک بە هەواڵەکەی زانیوە سەری سوڕماوە و بڕیاریداوە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
 
هاوکات گرووپێکی دیاری هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان داوای رۆیشتنی گالتێیان کردووە ئەگەر بسەلمێنرێت کە ئەو قسانەی کردووە.
 
گالتێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەدەست گوشارێکی زۆرەوە دەناڵێنێت، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تیپەکەی ئاستێکی خراپی  پێشکێشی کردووە، چونکە پاریس سانجێرمان بۆ دووەمجار لەسەریەک لە قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەرکراوە. تەنانەت لە خولی فەرەنساش ئاست و ئەنجامەکانی لە پاشەکشەدان، ئەگەرچی هێشتا لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە.
 
میدیاکانی فەرەنسا، دوێنێ ئیمەیڵێکی دزەپێکراوی فۆرنێری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی نیسیان بڵاوکردووەتەوە کە بۆ خاوەنەکانی یانەکەی ناردووە:
 
فۆرنێر لەو ئیمەیلەدا قسەکانی کوڕی کریستۆف گالتێ، کە لە هەمانکاتدا بەڕێوەبەری کارەکانی باوکییەتی، لەگەڵ سەرۆکی یانەی نیس ئاشکرادەکات، ئەوکاتەی گالتێ راهێنەری نیس بووە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، کوڕی گالتێ پەیامێکی باوکی بە سەرۆکی نیس گەیاندووە و پێیگوتووە "باوکم لەگەڵ تۆدا ئازار دەچێژێت، چونکە ئەم تیپە هەرگیز نوێنەرایەتی ئەو ناکات، لەبەرئەوەی نیوەی یاریزانەکانی رەشپێستن و نیوەکەی دیکەش نوێژ دەکەن و دوای نیوەڕۆ لە مزگەوت دەیاندۆزیتەوە".
 
کوڕەکەی گالتێ هەروەها بە سەرۆکی نیس دەڵێت "دوێنێ باوکم لە چێشتخانەیەک بووە و هەمووان پێیان گوتووە کە ئێمە تیپێکی رەشپێستمان هەیە، باوکم پێیوایە ئەم تیپە نوێنەرایەتی ئەو ناکات، نوێنەرایەتی هاندەرانی یانەکەش ناکات".
 
کوڕی گالتێ، ئەو پەیامەی باوکیشی بە سەرۆکی نیس گەیاندووە کە ئەو تیپێکی لە چەقاوەسوو و رەشپێستەکانی بۆ دروستکردووە، نیوەیان لە مزگەوتدان، بەڵام هەر چۆنێک بێت هەوڵدەدات وەرزەکە بەشێوەیەکی باش تەواو بکات.
 
فۆرنێری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی نیس، لە بەشێکی ئیمەیلەکەیدا، کە بۆ خاوەنانی یانەی نیسی ناردووە، دەڵێت "کاتێک پێشنیازمان بۆ گالتێ کرد کە گرێبەست لەگەڵ ئۆزان کاباک بکەین (یاریزانێکی کوردە) پێیگوتین لەبەرئەوەی تورک و موسڵمانە نامەوێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە