کارلۆ ئەنچیلۆتی: هێشتا سەرنەکەوتووین

13-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دووپاتیکردەوە کە هێشتا نەیانتوانیوە بلیتی سەرکەوتن بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەدەستبێنن. گوتیشی "یاریی داهاتوومان بەرامبەر چێڵسی بەشێوەیەک دەستپێدەکەین وەک ئەوەی ئەنجمای یاریی یەکەممان هیچ بە هیچ بووە".
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید، میوانداری یانەی چێڵسی ئینگلیزی کرد و بە ئەنجامی 2-0 لێیبردەوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا سەبارەت بە هەستەکانی خۆی گوتی "من ماندوو نیم، لە دۆخێکی زۆر باشدام، پڕم لە وزە، زۆر چێژم لە سەیرکردنی تیپەکەم وەرگرتووە، بێگومان ئازارم چەشتووە، بوون لەسەر کورسی یەدەگ ئەوەندە ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستبهێنین بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر". 
 
کارلیتۆ زیاتر گوتی "زۆر دڵخۆشم، بەڵام پێویستە ئارام بین، چونکە تەنیا 90 خولەکمان ماوە و دەکرێت هەر شتێک لە تۆپی پێدا رووبدات. دڵخۆشم بە پێشکەوتنمان، بەڵام دەمەوێت ئەرکەکە بە باشی بەڕێوەی بەرم". 
 
راهێنەری ئیتاڵیی یانە ئیسپانییەکە، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە لە ئەنجام و ئاستەکەمان رازین، بەڵام هێشتا کۆتایی نەهاتووە، دەبێت بجەنگین و قوربانی بدەین بۆ ماوەی 90 خولەکی دیکە لە ستامفۆرد بریج، دەبێت ئامادەبین بۆ ئەوە، ئێمە تەنیا دڵخۆشین بۆ ئەمشەو، کارەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە".
 
ئەو هەروەها گوتیشی "زۆر باش دەزانین کە چێڵسی هەفتەی داهاتوو هەوڵدەدات هەموو شتێک بکات، یاریی داهاتوو بەرامبەر چێڵسی بەشێوەیەک دەستپێدەکەین وەک ئەوەی یاریی یەکەممان هیچ بە هیچ بووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە