رۆناڵدۆ راهێنەری یانەی نەسڕ دووردەخاتەوە

13-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە شێوازی یارییکردنی یانەی نەسڕ ناڕازییە و بەو هۆیەوە کارگێڕیی یانەکە رۆدی گارسیای راهێنەری یانەکەی دووردەخاتەوە.
 
دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر یانەی فەیحا، لە دوایین یارییاندا لە خولی سعودیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ژووری جل گۆڕینی یانەکەدا رەخنەی زۆری لە شێوازی یارییکردنی رۆدی گارسیا گرتووە و پێیگوتووە کە پێویستە بە شێوەی هێرشبەرانە یاریی بکەیت، لەکاتێکدا توانای یاریزانەکان بۆ یارییکردن بەو شێوەیە گونجاوە و راهێنەرەکەی بە هۆکار بۆ یەکسانبوونەکە زانیووە.
 
تووڕەبوونی رۆناڵدۆ لە راهێنەری یانەکە، دەستەی کارگێڕیی یانەی نەسڕیشی هێنایە سەرهێڵ و یانەکە بڕیارییداوە گارسیا دووربخاتەوە، میدیای سعودیە و سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی نەسڕیش دەڵێن "دوورخستنەوەی رۆدی گارسیا لە پۆستەکەی تەنیا راگەیاندنی فەرمیی ماوە و یانەکە بەتەواوی متمانەی بەو راهێنەرە نەماوە."
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی گرنگی بە هەواڵەکانی یانەکە دەدات و دەڵێت "یانەی نەسڕ لاریی نییە لەوەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گارسیا بدات کە بۆ دوورخستنەوەی راهێنەرەکە پێویستە 15 ملیۆن ریال لە بەرامبەر دوورخستنەوەی بداتە راهێنەرەکە."
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەک یانەی نەسڕ چەند بژاردەیەکی لەبەردەمە بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو راهێنەرە فەرەنسییە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرن، دیارترین بەربژێریش بۆ ئەو پۆستە جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالییە کە یانە سعودییەکە ئامادەیە گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆما هەڵبوەشێنێتەوە و بۆ دوو وەرز 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە ئەو راهێنەرە.
 
جگە لەوەش خۆرخی خیسوس، راهێنەری پێشووی یانەی هیلال و ئێستای یانەی فێنارباخچە، مارسێلۆ گایاردۆ، راهێنەری بەنێوبانگی ئەرجەنتینی و پێشووی یانەی ریڤەرپلەیت بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەسڕ بەفەرمی گارسیای دوورنەخستووەتەوە و تاوەکو راهێنەرەکە دوورنەخرێتەوە یانەکە هەنگاوەکانی بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێ نانێت.
 
رۆژنامەی ریازەی سعودیە دەڵێت "دوێنێ دەستەی کارگێڕیی یانەی نەسڕ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە و موسەلی ئەلمەعمەر، سەرۆکی یانەکە سەرکردایەتی کۆبوونەوەکەی کردووە و بڕیاردراوە کە گارسیا لە کارەکەی دووربخرێتەوە."
 
یانەی نەسڕ گرێبەستی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، هاندەرانی یانەکەش دەڵێن "کاتێک تۆ ئۆتۆمبێلی فێراریت هەبێت پێویستیت بە شۆفێرێکی لێهاتوویە، بەڵام ئێمە ئەوەمان نییە."
 
یانەی نەسڕ لە جامی سعودیەدا لەسەر دەستی یانەی ئیتیحاد کرایە دەرەوە، لە خولی سعودیەش بە جیاوازیی 3 خاڵ لەگەڵ هەمان یانە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، کە بەدڵنیاییەوە نە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نە هاندەرانی یانەکەش بەمە رازی نین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە