یانەیەک بەهۆی کۆچکردنی یاریزانەکانی بە قاچاخ سەرجەم چالاکییەکانی راگرت

13-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی جەمعیە غار ئەلدەماری تونسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەیەکی تونسی بەهۆی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆری یاریزانەکانی بەشێوەیەکی نایاسایی، سەرجەم چالاکییەکانی راگرت و بەشداری لە هیچ خول و پاڵەوانێتییەکدا ناکات.
 
یانەی جەمعیە غار ئەلدەماری تونسی، لە خولی پلە چواری ئەو وڵاتە یارییدەکات، بەهۆی ئەوەی 32 یاریزانی یانەکە بەشێوەیەکی نایاسایی و بە قاچاخ چوونەتە دەرەوەی وڵات بڕیارییدا سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی رابگرێت و بەشداری لە خولەکاندا نەکات.
 
یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا راگرتنی چالاکییەکانی راگەیاند و دەڵێت "لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو یاریزانانەی یانەکە کە چوونەتە دەرەوەی وڵات بۆ 32 یاریزان بەرزبووەتەوە، بەو هۆیەوە ناتوانین درێژە بە چالاکییەکانمان بدەین."
 
یانەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یاریزانەکانیان ئەوانەی کۆچیانکردووە، تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 22 ساڵە، لە رێگەی کەشتییەوە چوونەتە سێربیا و لەوێشەوە بە قاچاخ چوونەتە ئەوروپا.
 
یانەی جەمعیە غار ئەلدەماری تونسی دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان توانایەکی دارایی زۆریان نییە و ناتوانن کەلوپەلی وەرزشی بۆ یاریزانەکانیان دابین بکەن و لەرووی داراییشەوە هاوکاریی یاریزانەکانیان بکەن، بۆیەش بڕیارییداوە سەرجەم چالاکییەکانی رابگرێت.
 
لە ساڵی 2012 ژمارەی ئەو کەسانەی بە قاچاخ چوونەتە ئیتاڵیا 32 هەزار کەس بووە، لەنێویاندا 18 هەزار کەس تونسی بوون، وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپاش بەشێوەی جیاواز پێشوازییان لە کۆچبەران کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە