ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید بە ئاست و ئەنجام لە چێڵسی بردەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید هەنگاوێکی گرنگی بەرەوە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی هاوێشت و بە ئاست و ئەنجام لە چێڵسی بردەوە.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید، میوانداری یانەی چێڵسی ئینگلیزی کرد و بە ئەنجامی 2-0 لێیبردەوە.
 
هەر لە سەرەتاوە دیاربوو کە تیپی خاوەن ماڵ بەنیازی هێرشبردنە و تیپی میوانیش دەیەوێت بەرگری بکات، بۆیە کۆنترۆلی یارییەکە کەوتە دەست مەدریدییەکان.
 
ریال مەدرید لە خولەکی 21 لە رێگەی ئەستێرە و کاپتنەکەی، کەریم بنزیما گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی شاهانەی ئیسپانیا کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا یارییەکە بە هەمان سیناریۆی نیوەی یەکەم بەڕێوەچوو، بەڵام دوای ئەوەی ناوبژیوان بێن چێلوێلی یاریزانی چێڵسی بە کارتی سوور دەرکرد، هەموو شتێک کەوتە دەست مەدریدییەکان.
 
دوای چەندین هیرش بۆ سەر گۆڵی کێپا، لە خولەکی 74ـدا مارکۆ ئاسێنسیۆ گۆڵی دووەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و یارییەکە بەو ئەنجامە لە بەرژەوەندی ریال مەدرید کۆتاییهات.
 
بڕیارە لە یاریی گەڕانەوەدا، بلوز لە 18ـی ئەم مانگەدا، لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریج لە لەندەن میوانداری ریال مەدرید بکات بۆ یەکلاکردنەوەی بلیتی رووبەڕووبوونەوەکە.