راهێنەری پۆرتۆ هەڕەشە لە چێڵسی دەکات

13-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سیرجیۆ کۆنسیساو چێڵسی
A+ A-

رووداو دیجیتال

سیرجیۆ کۆنسیساو، راهێنەری یانەی پۆرتۆ، ئامادەنییە بەرامبەر چێڵسی خۆی بەدەستەوە بدات و دەڵێت "دەمانەوێت چێڵسی لە چامپیۆنزلیگ دەربکەین".

لە یاری چوونی قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگدا، چێڵسی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە پۆرتۆی بردەوە و ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان هەردوو یانە لە یاری گەڕانەوەدا لەسەر یاریگەی سانچێز پیزخوان لە سێڤییای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، لەبەر سنووردارکردنی گەشت لەنێوان پۆرتوگال و ئینگلتەرا، بەهۆی مەترسییەکانی کۆرونا.

سیرجیۆ کۆنسیساو، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی کرد و گوتی "تیپەکەمان متمانەی بەتوانای خۆی هەیە بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە بەرامبەر چێڵسی و دەرکردنی لە چامپیۆنزلیگ. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەوەی لە تواناماندا هەیە پێشکەش بکەین و بلیتی سەرکەوتن لە چێڵسی وەربگرین".

پۆرتۆ لە 20 یاری لە قۆناخەکانی یەکلاکەرەوەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەویش بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ لاکارۆنیای ئیسپانی بووە، لە یاریی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، لە 2004.

کۆنسیساو لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پەیامێکی بۆ چێڵسی نارد و تێیدا دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی ئامادەیە باشترین ئاستی خۆی پێشکەش بکات و بلیتی قۆناخی پێشکۆتایی بکاتە بەشی خۆی.

ئەو گوتی "بەدرێژایی ساڵەکان، هەندێک سات هەن دەکرێت ببنە نموونەی متمانە بەخۆبوون و بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی سەرکەوتن"

راهێنەری پۆرتو، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتیشی "ئێمە متمانەمان بەخۆمان هەیە، دەزانین کە رووبەڕووی ئاستەنگێکی سەخت و دژوار  دەبینەوە، بەڵام  ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی ئەو وەڵامە بدەینەوە کە پێویستە بیدەینەوە، هەمیشە هەستەکانی نوێنەرایەتیکردنی ئەم یانە مێژووییە لەسەر گۆڕەپانی یاریگەدا بوونیان هەیە"

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە