فەرمی.. فلۆرێنتینۆ پێرێز بە سەرۆکی ریال مەدرید دەستنیشانکرایەوە

13-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز ریال مه‌درید
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەنجوومەنی هەڵبژاردنیی یانەی ریال مەدرید بەفەرمی رایگەیاند، فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ماوەی 4 ساڵی دیکە، تاوەکو ساڵی 2025 بە سەرۆکی یانەکەیان دەمینێتەوە.

ئەمە شەشەمجارە پێرێز ببێتە سەرۆکی یانەکە و چوار جارە بەسەریەکەوە بە سەرۆک هەڵدەبژێردرێت، چونکە کەس بوێری ئەوەی نییە رکابەریی ئەو پیاوە بکات.

ئەمجارەش تاوەکو ماوەی دیاریکراو بۆ خۆکاندیدکردن، بێجگە لە فلۆرنتینۆ پێرێز کەس خۆی کاندید نەکرد، بۆیە ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی یانەی شاهانە رایگەیاند "پێرێز تاکە کاندید بوو کە دۆسیەی خۆکاندیدکردنی پێشکەشکردبوو، بۆیە بڕیارماندا ئەو بۆ ماوەی 4 ساڵی دیکە بە سەرۆکی ریال مەدرید بمێنێتەوە".

بە گوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، ئێنریکی ریکێلمی ملیاردێری ئیسپانی، بڕیاری دابوو خۆی کاندید بکات، بەڵام دواتر لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەتەوە و خۆی کاندید نەکردووە.

سەرۆکی ریال مەدرید تاوەکو ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، کە لە ساڵی 2000ـەوە بۆ یەکەمجار دەستی بەسەر سەرۆکایەتی ریال مەدریددا گرت تاوەکە دەستلەکارکێشانەوەی لە ساڵی 2006 و جارێکی دیکە لە ساڵی 2009ـدا گەڕایەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

پێرێز سەرەڕای ئەو هەموو دەستکەوتانەی بۆ یانەکە بەدەستیهێناون، هێشتا خەونی دیکەی ماوە، کە بەنیازە لە ماوەی سەرۆکایەتی نوێدا بەدەستیان بێنێت.

1 - لێدانێکی دووانی:

بەقسەی میدیای ئیسپانیا، گرنگترین خەونی پێرێز لە هاوینی 2021ـدا گواستنەوەی هەردوو ئەستێرەی جیهانی، ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی پێکەوە بۆ ریزەکانی ریال مەدرید. 

سەرۆکی ئێستای ریال مەدرید دەیەوێت 300 ملیۆن یۆرۆ دابین بکات بۆ ئەوەی گرنگترین دوو یاریزانی لاوی جیهان بکاتە یاریزانی یانەکەی و کێشەی هێڵی هێرشبردنی ئەو تیپە بۆ چەند ساڵی دیکە چارەسەربکات.

2 - ئامانجێکی یانە:

پێرێز هیوادارە قازانجی یانەکەی زیادبکات، بەتایبەتی لەگەڵ گەڕانەوەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی نوێ بۆ کارکردن دوای تەواوبوونی ماوەی چاککردنەوە و هەروەها گەڕانەوەی هاندەران بۆ سەر کورسییەکانی.

پێرێز پێشبینی دەکات قازانجی یانەکە پێنج ئەوەندەی ئێستا زیاتربێت و هیوادارە لە یاریگەی بێرنابیۆی نوێدا لەگەڵ هاندەرانی یانەکە ئاهەنگ بگێڕێت کە لە چەند ساڵی داهاتوودا قازانجێکی زۆر بەیانەکە دەدات.

3 - پاراستنی زیدان:

پێرێز پێیوایە زینەدین زیدانی راهێنەری فەرەنسی پیاوە گونجاوەکەیە بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە لە ماوەی داهاتوودا، بۆیە بەنیازە لەگەڵ زیدان قسەبکات بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو حوزەیرانی 2025، بەڵێنیشی پێدەدات کە بە باشترین شێوە پاڵپشتی بکات، بەتایبەتی لە رووی بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەی بە باشترین یاریزانانی جیهان. 

4 - 1500 یاری:

یانەی ریال مەدرید 1001 یاری بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک کردووە و سەرۆکی ئێستا دەیەوێت یانەکە لەژێر سەرۆکایەتی ئەودا ژمارەی یارییەکانی بگەینێتە 1500 یاری.

پێرێز پێیوایە دەتوانێت لە پێگەی ئێستای بەردەوام بێت تاوەکو دەگاتە ئامانجی ئێستای، کە 1500 یارییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە