ئیڤان راکیتیچ بۆ بارسێلۆنا: من کیسی پەتاتە نیم

رووداو - هەولێر

ئیڤان راکیتیچ، یاریزانی کرواتی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لەبارەی دەنگۆکانی نزیکبوونەوەی رۆیشتنی لە بارسا، لێدوانێکی زۆر سەیری دا.

رۆژنامەکانی ئیسپانیا، باس لەوە دەکەن کە بارسێلۆنا دەیەوێ لەم هاوینەدا راکیتیچ بفرۆشێت و تەنانەت باس لەوە دەکەن کە بارسا ئامادەیە لە گرێبەستێکی ئاڵووگۆڕکردنیشدا بەکاریبهێنێت.

راکیتیچ لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا، بە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، گوتی "رێگە نادەم کەس چارەنووسی من دیاری بکات، تەنیا خۆم بڕیار لەبارەی چارەنووسم دەدەم".

ئەستێرەی کرواتی، هەروەها دەڵێت "دەبێ رێز لە من بگیرێت، من کیسی پەتاتە نیم، بە ئارەزووی خۆیان کڕین و فرۆشتنم پێبکەن"،

راكيتيچ دووپاتیشیکردەوە کە ئەو پارە نییە بەکاریبهێنن بۆ کڕین و فرۆشتنی یاریزانان و دووپاتیکردەوە کە رازی نابێت بیخەنە نێو هیچ گرێبەستێکی گۆڕینەوە.

یاریزانەکەی بارسا، لە درێژەی لێدوانەکەیدا، گوتیشی "دەمەوێ لەو شوێنە بم کە رێزم لێدەگیرێت، ئەگەر لە بارسێلۆنا رێزم بگیرێت دڵخۆش دەبم، ئەگەر واش نەبێت، بڕیاری خۆم دەدەم".

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، دەڵێن "هەرسێ گەورە یانەی ئیتالی، یوڤێنتوس، میلان و ئینتەرمیلان داوای راکیتیچ دەکەن، بەڵام ئەو پێیخۆشە ئەگەر لە بارسا بڕوات بگەڕێتەوە سێڤییا".