رۆناڵدۆ و هەڵبژاردەی پۆرتوگال کارێکی گەورە بۆ وڵاتەکەیان دەکەن

رووداو - هەولێر

کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە بەشێکی پاداشتەکانی خۆیان لەگەڵ هەڵبژاردەکەیان خۆشدەبن، بۆ ئەوەی هاوکاری تیپە میللییەکان بکەن.

رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتالی رایگەیاند، هەڵبژاردەی پۆرتوگال، یاریزانان و دەستەی راهێنەرایەتییەکەی رازیبوون، بەوەی لە بەشێکی پاداشتەکانی خۆیان کە بەهۆی سەرکەوتنیان بۆ یۆرۆی 2020 وەریدەگرن خۆشدەبن، لەپێناو ئەوەی هاوکاری تیپە میللییەکانی وڵاتەکەیان بکەن کە ئێستا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووبەڕووی کێشەی دارایی بوونەتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە ئەو پارەیەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال پێشکێشی تیپە میللیەکان دەکات 4.3 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، ئامانج لێی ئەوەیە یانەکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەڵنەوەشێنەوە و بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕیارییداوە یارییەکانی خولی تیپە میللییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەبێ ئەوەی پاڵەوان دیاری بکات، جگە لەوەش خولی تۆپی پێی پۆرتوگالیش بەهەمان هۆکارەوە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

بەهۆی کۆرۆناوە لەسەرجەم وڵاتانی جیهان و ئەوروپا، یانە و فیدراسیۆنەکان هاوکاری تیپە میللییەکان دەکەن، پێشتر هەڵبژاردەی هۆڵەنداش هەمان کاری بۆ تیپەکانی وڵاتەکەی ئەنجامدا و هاوکاریی دارایی پێشکێشکردن.