کوردێک دەبێتە کلیلی بەرەوپێشبردنی بادمنتۆن لە تونس

13-04-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەحمەد ئازاد
A+ A-

رووداو-هەولێر

شارەزایەکی بادمنتۆنی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە مێژووی یارییەکەدا لەسەر ئاستی عێراق، لە تونس وەک راهێنەر و پسپۆری ئەو یارییە کاردەکات.

ئەحمەد ئازاد، تەمەنی شەست و پێنج ساڵە خەڵکی شاری هەولێر، پێشتر یاریزانی بادمنتۆنی زانکۆی تاران بووە، دواتر بەهۆی پێکان روویکردووەتەوە کاری راهێنەرایەتی و ناوبژیوانی.

ئەحمەد ئازاد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند " لەسەر داوای وەزارەتی وەرزش و لاوانی تونس، گرێبەستم لەگەڵ فیدراسیۆنی بادمنتۆنی تونس واژۆکرد، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو ئەزموونەی لە بواری راهێنەری و ناوبژیوانیەتیدا هەمە هاوکاری بەرەوپێشبردنی یارییەکە بکەم لەو وڵاتەدا. 



ئازاد پێشتر وەک ناوبژیوانی گشتی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتیەکانی بۆ فیدراسیۆنی بادمنتۆنی نێودەوڵەتی کاریکردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە خانەنشین بووە.

لە ساڵی 2010 وەک راهێنەر، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی عێراقی لە بردنەوەی دوو میدالیای زێر و نازناوی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر کرد. 

ئەحمەد شەش مانگە لە تونس لەگەڵ هەڵبژاردەکانی تازەپێگەیشتوان، لاوان و پێشکەوتوانی پیاوان و خانمان کاردەکات، ئەو زیاتر دەڵێت، " پێشوازییەکی گەرم لە یاریزانەکانم دەبینم، بەرپرسانی وەرزشی تونس هانم دەدەن و داوا دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا یاریزانانمان میدالیا ببەنەوە.



ئەو راهێنەرە باسی پلانی خۆی لەو وڵاتە دەکات و دەڵێت، پلانێکی دەوڵەمەندی کار و راهێنانم پێشکەش کردوون و دەمەوێت خەونەکەیان بکەمە راستی، بەڵام پێویستم بە کاتە، لە ماوەی کارکردنیشم لە تونس، بەشداریمان لە سێ خولی نێودەوڵەتیدا کردووە کە لە میسر، جەزائیر و زامبیا بەڕێوەچوون.

کردنەوەی خولی راهێنەرایەتی نێودەوڵەتی لە بواری راهێنەرایەتی و ناوبژیوانی لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا، بەشێکی دیکەیە لە کارەکانی ئەحمەد ئازاد لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ فیدراسیۆنی بادمنتۆنی نێودەوڵەتی.



راهێنەرە کوردەکەی هەڵبژاردەی بادمنتۆنی تونس، دوای تەواوبوونی راهێنانی یاریزانەکانی، خولی ناوبژیوانی و راهێنەرایەتی دەڵێتەوە، ئەو زیاتر لەبارەی کارەکانی بە رووداوی گوت، لە تونس 20 راهێنەر و 50 ناوبژیوانی بادمنتۆن هەن کە ئاستیان سەرەتاییە، من خولی تایبەتی پێشکەوتنیان بۆ دەکەمەوە، هەروەها دەمەوێت ئاستی ناوبژیوانەکان بەرز بکەمەوە بۆ نێودەوڵەتی، لە هەنگاوی یەکەمدا دوو نابژیوانم گەیاندووەتە ئاستێک کە لە کیشوەری ئەفریقیا باوەڕپێکراو بن". 

بادمنتۆن یارییەکی نوێیە لە تونس، فیدراسیۆنی بادمنتۆنی تونس لە 2019دامەزراوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی تۆپی پێی تونس 5 جار بەشداری یارییەکانی مۆندیالی تۆپی پێی کردووە. 



نادر مەجید، سەرۆکی یەکێتی بادمنتۆن لقی هەولێر، ساڵانێک لەگەڵ ئەحمەد ئازاد کاریکردووە، لەبارەی ئەزموونی ئەو شارەزایەی بادمنتۆن بە رووداوی گوت " کەسێکی لێهاتووە و لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی زۆری هەیە، دڵنیام لە هەر کوێیەک کار بکات بەهۆی ئەزموونی کاری پێشووی کارەکەی بەباشی بەڕێوەدەبات و دەستکەوتێکی زۆریشی دەبێت.

یاریی بادمنتۆن بۆ یەکەمجار لە 1870 لایەن لە لایەن بەریتانییەکانەوە ئەنجامدرا، ئەوکات ئەفسەرانی هێزەکانی بەریتانیا بۆ خۆشی یارییەکەیان لە هیندستان ئەنجامدەدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە