ڤیدیۆ؛ ئیتیحاد لووتکەی سعودیەی بردەوە

13-04-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی سعودیە
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی ئیتیحاد یاریی لووتکەی خولی سعودیەی لە گەڕی 27 بەزەحمەت بردەوە و سەرکەوتنی بەسەر یانەی نەسر بەدەستهێنا.

یارییەکە لەسەر یاریگەی شا فەهدی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، ئیتیحاد یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە، هەم سێ خاڵی بۆ خۆی بەدەستهێنا و هەمیش هیلالی گەڕاندەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.

لە خولەکی 32 ئەلیکساندەر بێریۆڤیچی سێربی دەرگەی گۆڵ تۆمارکردنی بۆ ئیتیحاد کردەوە، دوای چەند خولەکێک جارێکی دیکە ئەو یاریزانە بۆ جاری دووەم تۆڕی رکابەرەکەی هەژاند.

لە گێمی دووەمدا عەبدولرەزاق حەمدولڵا دوو گۆڵی بۆ یانەی نەسر تۆمارکرد، کە یەکێکیان بەلێدانی سزابوو و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، دوای ئەوە یارییەکە بەهێزتربوو و هەردوو یانە هەوڵی سەرکەوتنیان دەدا، ئیتیحاد بۆ مانەوە لە خولەکەدا و نەسریش بۆ گەڕانەوە بۆ پێشەنگ پێویستیی بەبردنەوەبوو، لە خولەکی 88 فەهد ئەلموەلد گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی بۆ ئیتیحاد تۆمارکرد و یارییەکەیان بردەوە.

دوای بردنەوەی ئەم یارییە ئیتیحاد بە 28 خاڵ هاتە پلەی دوازدەیەم، یانەی نەسریش پێشەنگی لە بەرژەوەندی یانەی هیلال لەدەستدا و بە 61 خاڵ و بەجیاوازیی دوو خاڵ لە پلەی دووەمە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە