عەدنان درجال بۆ رووداو: ئەمشەو لە زاخۆ دەبم و خیسوس کاساس لە هەڵبژاردنی یاریزانەکاندا ئازادە

 
رووداو دیجیتاڵ

عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت "ئەمشەو لە زاخۆ ئامادەی کەرنەڤاڵێکی گەورەی وەرزشی دەبم و خیسوس کاساس، لە هەڵبژاردنی یاریزانەکاندا بۆ هەڵبژاردەی عێراق ئازادە."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە هەولێرە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هاتنم بۆ هەولێر بۆ ئەوەیە کە ئەمشەو ئامادەی یاریی زاخۆ و شورتە ببم کە کەرنەڤاڵێکی گەورەی وەرزشییە و هیوادارم هەموو ئەو هاندەرانەی ئامادەدەبن کاتێکی خۆش بەسەرببەن."
 
عەدنان درجال دەڵێت "زۆر دڵخۆشم کە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی یانەکانی کوردستان لە یاریگەکاندا ئامادەدەبن و لەسەر ئاستی خولەکە زۆرترینن، لە سۆشیاڵ میدیاشدا گواستنەوەی یارییەکانی خولەکە لە رووی ژمارەوە گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیەوە بینیووە و زۆر دڵخۆشم بەوە."
 
لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی خولی عێراق، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ستراتیژیەتی ئێمە ئەوەیە لە هەموو روویەکەوە پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆمانەوە ببینین بەتایبەت لە یاریگەکاندا دەمانەوێت بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ دەچینە پێشەوە و لە دوو ساڵی داهاتوودا یاریگەکانمان والێبکەین ستانداردی فیفای هەبێت و بەلای کەمەوە هاوشێوەی یاریگەکانی لالیگا بن، ئەمە بەڵێنێکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دراوە و بڕیاردراوە کە هاوکاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکرێت."
 
ئەوەی دیکەیان تایبەتە بە مافی گواستنەوەی یارییەکان و لەگەڵ کۆمپانیای عەشتار لە کارکردنی بەردەوامداین بۆ ئەوەی خولەکە لە دوو ساڵی داهاتوودا لەرووی گواستنەوەی یارییەکانەوە ببەینە ئاستێکی جیهانی، بۆ ئەوەش کۆمپانیاکە لەگەڵ کۆمپانیای گەورەی جیهان لە گفتوگۆدایە و هیوادارم هەموو یانە بەشدارەکان لەگەڵ کۆمپانیاکە هاوکاربن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و بڕیارمانداوە هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
 
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداو، باس لە بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەکات و دەڵێت "خیسوس کاساس، هەموو ئەگەرەکانی لەبەردەمدا کراوەن و ئازادە لە بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەکە، بڕیاری یەکەم و کۆتایی لای ئەوە و هیچ دەستوەردانێک لە بڕیارەکانی ئەودا ناکەین، بەڵام ئەو یاریزانانەی بانگهێشتدەکرێن دەبێت بزانن بە چ درێسێکەوە یاریی دەکەن و بزانن چ درێسێک دەپۆشن، بەرپرسیارەتی ئەوان بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە و دەبێت لە ئاستی درێسەکەدا بن، بەتایبەت دوای ئەو ئاستەی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیادا پێشکێشیکرد، دوو یاریی داهاتووش لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا زۆر گرنگن و دەبێت پێشانی جیهان بدەین کە داهاتوو بۆ عێراقە."
 
لەبارەی هەلی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 عەدنان درجال بە رووداوی گوت "پشتبەخوا، ئەمە تەنیا ئامانجی ئێمە نییە، بەڵکو کاری بۆ دەکەین و لە پلانی هەڵبژاردنەکانی ئێمەشدا بوو کاتێک خۆمان بەربژێرکرد، یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە گەیشتن بوو بە مۆندیال و ئەوە ئامانجی سەرەکی ئیمەیە، بەتایبەت کە ئێستا پاڵپشتییەکی گەورەی سەرۆکوەزیران، هاندەران و هەموو میدیا هەیە، بۆیە دەمانەوێت ئەرکی خۆمان بەباشی جێبەجێبکەین و لە داهاتوودا هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دڵخۆشبکەین و دەمانەوێت لەسەر ئاستی جیهان دوای گەیشتنمان بە مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق لە ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهاندا زیاتر ببەینە پێشەوە و ببینە یەکێک لە 4 باشترین هەڵبژاردەکانی ئاسیا.
 
ئەمشەو لە قۆناخی 16ـی جامی عێراق، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر شورتە یاریی دەکات و عەدنان درجال، هاوشانی زیاتر لە 25 هەزار هاندەری دیکە لە یاریگە ئامادەدەبێت.