یارییەکەی ئەمشەو، دوا هەلی رزگارکردنی وەرزە خراپەکەی بۆرووسیا دۆرتمۆندە

13-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ بۆرووسیا دۆرتمۆند ئایندهۆڤن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش بێئومێدبوون لەسەرجەم پاڵەوانێتی و نازناوەکانی دیکە، گەیشتن بەقۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، تاکە ئومێدی بۆرووسیا دۆرتمۆند دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی وەرزێک کە یانەکە هەرزوو لە زۆرینەی بەرەکاندا ئاڵای سپی تێدا هەڵکرد.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند بەپشتبەستن بەئەنجامی پۆزەتیڤی یاریی چوون، کە بەیەکسانبوون بەگۆڵێک کۆتاییهات، دەیەوێت یارییەکەی ئەمشەو وێستگەی پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو بێت کە دەکرێ بۆ هاندەرانی یانەکە، لانیکەمی دڵخۆشیی دەستەبەر بکات، لە وەرزێکدا کە دۆرتمۆند بەرز و نزمی زۆری تێدا کردووە.
 
دۆرتمۆند لە یاریگەی خۆیدا دەردەکەوێتەوە و ئەوەش مانای جارێکی دەرکەوتنەوەی جۆشوخرۆشی زۆری هاندەرانی ئەو یانەیە و بەرزکردنەوەی بانەرە گەورەکانیان لە یاریگەدا، تاوەکو هانی تیپەکەیان بدەن، رێگری لەوە بکات، یارییەکە بگاتە کاتی زیادکراو و لێدانە یەکلاکەرەوەکان.
 
هەرچەندە رۆتمۆند ناخوازێت یارییەکە لە کاتی زیادکراو و دواتر لێدانی یەکلاکەرەوە ببینێتەوە، بەڵام خۆی بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادە کردووە، وەکئەوەی دونێل مالینی هێرشبەری یانەکە ئاماژەی پێداوە، ئەو دەڵێ، "پێموایە یاریی رابردووی نێوانمان زۆر بەجۆشوخرۆش بوو، بەدرێژایی کاتی یارییەکە باڵادەستبوون لە ئێمەوە دەچوو بۆ ئەوان. بەڵێ بیرمان لەوەکردووەتەوە دەکرێ یارییەکە بچێتە لێدانی یەکلاکەرەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێت بگاتە ئەو کاتە، خۆ ئەگەر ئەوە روویدا، بێگومان بیرۆکەی روونمان هەیە و هەرکەسە دەزانێ پێویستە لەسەری چی بکات".
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو، دۆرتمۆند بەکۆی پێکهاتەکەیەوە ئامادەیە و پێکانی نییە، ئەمە وا دەکات ئیدین تێرزیچی راهێنەر، بژاردەی زۆری لەبەردەستدابێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پێکهاتەیەی لەسەرەتاوە یارییەکە ئەنجامدەدات. هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ تێرزیچ، ئامادەبوونی هێرشبەرە کاریگەرەکانێتی، بەتایبەت دونیایل مالین، نیکۆلاس فۆلکرۆگ و جادۆن سانچۆ کە لە دوا یاریی تیپەکەدا لە بۆندێسلیگا گۆڵی تۆمارکردووە.
 
دونێل مالین دەڵێ هەڵچوونی زۆر لە یاریگەدا دەبێت و ئەرکەکەش ئاسان نییە، "پێموایە یارییەکی پڕ لە هەڵچوون دەبێت، زۆر شت لەسەر مەحەکە، ئایندهۆڤن دێنە یاریگەی ئێمەوە و ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە بۆ ئەوان. هەرچی ئێمەین، ئەوە گرنگە بۆمان کەلەسەرەتاوە باش دەربکەوین، بەڵێ ئێمە دەمانەوێت یارییەکی بەجۆشوخرۆش ئەنجام بدەین".
 
ئەگەرچی، ئایندهۆڤن لە ئەنجام و ئەزمووندا هاوتای بۆڕووسیا دۆرتمۆند نییە و توانای ململانێی ئەو تیپەی نییە، بەڵام دەکرێ ئیلهام لە یەکسانبوونەکەی یاریی چوونی بەرامبەر ئەو تیپە وەربگرێت و چانسی پەڕینەوەی تیپە ئەڵمانییەکە بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بخاتە ژێر هەڕەشەی گەورەوە.
 
ئایندهۆڤن کە یەکێکە لە تیپە دەگمەنەکانی وەرزی ئەمساڵی ئەوروپا تاوەکو ئێستا لە نێوخۆی وڵاتدا نەدۆڕاوە، دەیەوێت وەک تاکە تیپی دەرەوەی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا بمێنێتەوە کە سەرکەوتن بۆ قۆناخی هەشت مسۆگەر دەکات و بەوەش وەک یەکێک لە باشترینەکانی ئەوروپا، خۆی بەرامبەر رکابەرەکانی، پێناسە بکاتەوە.
 
لەپێناو قۆناخی داهاتوودا
 
بۆرووسیا و ئایندهۆڤن، چاویان لە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگە، بەڵام ئەوکارە بۆ دۆرتمۆند زۆر مانادار دەبێت، ئەگەر بتوانێ بەدەستی بهێنێت. 
 
ئیدین تێرزیچ، راهێنەری بۆرووسیا دۆرتمۆند دەڵێ، "یارییەکە ئەو مانایەی هەیە کە ئێمە ئامادەین بۆ هەنگاوی داهاتوومان و گەیشتن بە قۆناخی دواتر. بۆ ئەنجامدانی ئەوە پێویستمان بەهەموو یاریزانان دەبێت و دەبێ گۆڕانکاری باش بکەین، ئەمە جیا لە پشتگیری هاندەرانمان، تاوەکو رێگەبگرین بەئاسانی بەو ستایلە یاریی بکەن کە خۆیان حەزی لێدەکەن".
 
راهێنەری دۆرتمۆند، لە وزە و توانای هاندەرانی تیپەکەی باش تێدەگات و هەر ئەوەش وایکردووە، ئەو ناڕاستەوخۆ داوای دەنگهەڵبڕین و کاریگەرییان لە نێو پەیژەکانی یاریگەدا لێبکات، 
"ئەگەر دەنگی هاندەرانمان بەرز بێت، ئەرکمان بۆ پێشاندانی ئاستێکی باش، ئاسانتر دەبێت، ئەوکات قورسە بۆ رکابەرەکەمان بەدڵی خۆی یاریی بکات و ئەوەش ئەو شتەیە کە چاوەڕێی دەکەین. ئێمە هەست بەبەرپرسیارێتی دەکەین، ئەو بەشەی چیرۆکەکە کە پەیوەندی بەئێمەوە هەیە ئەوەیە کە دەبێ ئاستێکی باشمان هەبێت، ئازابین و ئارام بین. دەبێ ئامادەبین بۆ ئەوەی پێشانی هەمووانی بدەین کە توانای گەیشتن بەقۆناخی داهاتوومان هەیە".
 
هەلەکە هاوسەنگە
 
پیتەر بوش، راهێنەری ئایندهۆڤنی هۆڵەندی بەر لە یارییەکە گوتوویەتی هەردوولا یاریزانی باشیان هەیە، ئەو زیاتر ئاماژە بەوەدەدات کە دەبێ تیپەکەی وەبەرهێنان لە هەڵەکانی یاریی رابردوویدا بکات، "زۆر شت هەن دەبێ لە یارییەکەدا بیکەین، یەکێکیان ئەوەیە کە دەبێ وەبەرهێنان لە هەلەکانی خۆماندا بکەین زۆر بەباشی. لە یاریی یەکەمدا هەلی زۆرمان دروستکرد، بەڵام بەداخەوە یەکسانبووین، لەبەرئەوە ئەمجارە هەوڵی بردنەوەی یارییەکە دەدەین".
 
راهێنەری ئایندهۆڤن زیاتر دەڵێ، "پێموایە ئەوان تیپێکی زۆر باشن و بژاردەیەکن لە یاریزانانی زۆر باش، ئەمە شتێکە هەمووان دەیزانن چونکە ئەوان لەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکەن، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە ئێمەش یاریزانی زۆر باشمان هەن، پێموایە دەتوانین ئاستێکی باش پێشان بدەین و ئەوەش بۆ هەمووان بسەلمێنین کە دەتوانین چی بکەین".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە