ئارتێتا جنێو بە مردووەکانی کۆنسیساو دەدات

13-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن میکێل ئارتێتا سێرجیۆ کۆنسیساو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سێرجیۆ کۆنسیساو، راهێنەری یانەی پۆرتۆی پورتوگالی، هۆکاری دەمەقاڵێی لەگەڵ میکل ئارتێتای ئیسپانی، راهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی ئاشکرایکرد، و دووپاتیکردەوە کە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە جنێوی بە خێزانەکەی داوە.
 
ئارسیناڵ سەرکەوت بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە و بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەش سرەرکەوتنی خۆی یەکلاییکردەوە، کە لە یاریی چووندا پۆرتۆ بە گۆڵێکی بێبرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.
 
دوای یارییەکە، دیاربوو کۆنسیساو گفتوگۆی لەگەڵ ئارتێتا دەکرد پێش ئەوەی گفتوگۆی نێوانیان گەرمتر بێت و پێدەچوو راهێنەری پۆرتۆ قسەی ناشیرین ئاراستەی ئارتێتا بکات.
 
کۆنسیساو لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "لە کاتی یارییەکەدا ئارتێتا رووی لە کورسی یەدەگەکەمان کرد و بە زمانی ئیسپانی جنێو و قسەی ناشیرینی ئاراستەی خێزانەکەم کرد".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتایی یارییەکەدا پێمگوت پێویستە ئاگاداری خۆی بێت، چونکە ئەو کەسەی سووکایەتی پێکرد لەگەڵ ئێمەدا نەماوە و کۆچی دوایی کردووە، هەروەها پێویستە خەمی مەشق و راهێنانی تیپەکەی بێت، چونکە بەهۆی کوالیتی تاکەکەسی یاریزانەکانی دەبێت زیاتر و باشتر پێشکێش بکات.
 
ئارسیناڵ لە دوای وەرزی 2009-2010 بۆ یەکەمجار سەرکەوت بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و کۆتایی بە زنجیرەیەک شکستی هێنا، کە 7 جار بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا کردووە و نەیتوانیوە قۆناخی شانزدە ببڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە