ڤیدیۆ؛ ئەمشەو زاخۆ مێژوو دەنووسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لەبەردەم هەلێکی مێژوویدایە و دەیەوێت هەموو سەرنجەکان بۆ یاریگەی خۆی رابکێشێت، کاتێک لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا لە رکابەرییەکانی جامی عێراق میوانداریی یانەی شورتە دەکات.
 
ئەمشەو کاژێر 21:30 لە رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی عێراق، یانەی زاخۆ لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر یانەی شورتە یاریی دەکات، ئەوەی لە یارییەکەدا دەدۆڕێت کاروانەکەی کۆتاییدێت و ئەوەی دیکەیان دەگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
هاندەرانی زاخۆ ئامادەکارییەکی زۆریان بۆ ئەم یارییە کردووە، ماوەی چەند رۆژێکە سەرقاڵی رازاندنەوەی یاریگەی یانەکەیانن و دەیانەوێت ئەمشەو بەدرێژایی یارییەکە پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
 
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بۆ یارییەکەی ئەمشەو زیاتر لە 25 هەزار هاندەر لە یاریگەی زاخۆ ئامادەبن بۆ ئەوەی پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن، جگە لەوەش ئەگەری هەیە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکەدا ئامادەبن.

 
یانەی زاخۆ لە دۆخێکی دەروونی زۆرباشدایە و تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، ئامادەکارییەکی باشی کردووە و دەیەوێت بردنەوەیەکی مێژوویی بەرامبەر پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی عێراق تۆماربکات.
 
ئەحمەد ئیبراهیم، بەرگریکاری یانەی زاخۆ بەر لە یارییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یارییەکی گرنگ و چارەنووسسازە چونکە تیپی دۆڕاو دەردەکرێت، یانەی شورتە یانەیەکی جەماوەرییە و یاریزانی کوالیتی بەرزی هەیە، بەڵام ئێمەش زۆر باشین و هیچ پێکانمان نییە و هیوادارم خوا سەرکەوتوومان بکات."
 
ئەستێرەی هێڵی بەرگری یانەی زاخۆ ستایشی هاندەرانی یانەکەی دەکات و دەڵێت "بێگومان پێویست بەباسکردنی جەماوەری زاخۆ ناکات و ئەوان بۆ ئێمە ژمارە یەکن و ئامادەبوونیان زۆر گرنگە و هیوادارم دوای یارییەکە ئێمە و ئەوان پێکەوە دڵخۆش بین."


 
حەمید ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "میوانی گرنگمان دێت و دەمانەوێت بۆ هەموولایەک دیاربکەین کە لە میوانداریکردندا یەکەمین، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ پاڵپشتییەکی بەردەوامی تیپەکە دەکات و بەڵێنی داوە ئەگەر یاریزانەکان بیبەنەوە پاداشتێکی گەورە دەداتە یاریزانەکان."
 
لە دوایین 12 یاریی نێوان هەردوو یانەدا، زاخۆ هیچ یارییەکی لە شورتە نەبردووەتەوە و دوایین بردنەوەیان لەو یانەیە لە 2015 بووە، لە دوایین سێ یارییشدا زاخۆ گۆڵی لە شورتە نەکردووە، بەڵام زاخۆییەکان ئەوەیان لەبیرکردووە و دەیانەوێت ئەمڕۆ لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە.

 
یانەی زاخۆ لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لە 9 یاریی رابردوودا لە خول و جامی عێراق هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە دوایین 8 یارییدا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە و بەوپەڕی ورەوە دەیەوێت رووبەڕووی شورتە ببێتەوە و مێژوویەکی گەورە تۆماربکات.