ڤیدیۆ؛ ئەوەی هیلال کردی هیچ یانەیەک لە مێژووی تۆپی پێدا نەیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و ناوی چووە نێو پەرتووکی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
 
یانەی هیلالی سعودی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیتیحادی هاونیشتمانی یارییکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە بردنەوەی یارییدا تۆمارکرد، کە پێشتر هیچ یانەیەک لە مێژووی تۆپی پێدا ئەو ژمارەیەی تۆمار نەکردووە.
 
هیلال لە یارییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، سەرەڕای ئەوەی لە نیوەی یەکەمدا ئیتیحادی میواندار گوشاری زیاتری دەکرد و دەیویست گۆڵ بکات، بەڵام نیوەی یەکەم گۆڵی بەخۆیەوە نەبینی.
 
لە خولەکی 61 یاسر شەهرانی، بەرگریکاری یانەی میوان گۆڵێکی تۆمارکرد و هیلالی پێشخست.
 
لە خولەکی 91 عەبدولرەزاق حەمداللە، هێرشبەری ئیتیحاد بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
دوای چەند خولەکێکی کەم مالکۆم ئۆلیڤێرای بەرازیلی گۆڵی دووەمی بۆ هیلال تۆمارکرد، یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی هیلال کۆتاییهات و یانەکە بە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 4-0 لە ئیتیحادی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا.
 
ریکۆردە مێژووییەکە
 
یانەی هیلال بەبردنەوەی ئەم یارییە ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد، بووە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێدا 28 یاریی لەسەریەک بباتەوە، کە پێشتر هیچ یانەیەک ئەم ریکۆردەی تۆمار نەکردووە، بەمەش ناوی یانە سعودییە وەکو خاوەنی زۆرترین بردنەوەی لەسەریەک لە تۆپی پێدا چووە نێو پەرتووکی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
 
هیلال بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا لە خولی سعودیدا 23 یارییکردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا 10 یارییکردووە و لەوێش هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەشێوەیەکی گشتی ئەمە 33 یارییە یانەکە تامی هیچ دۆڕانێکی نەکردووە.
 
لەو 28 یارییەی یانەکە لەسەریەک بردنەوەی تێیدا تۆمارکردووە، هیلال 81 گۆڵی تۆمارکردووە، 8 گۆڵی لێکراوە و لە 20 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
 
پێشتر ئەم ریکۆردە بەناوی یانەی نیو ساینتسی وێڵزییەوە بوو کە 27 یاریی لەسەریەکی بردبووە، یانەی ئایاکسی هۆڵەندیش خاوەنی دوو ریکۆردە، بەبردنەوەی 26 یاری لەسەریەک و بردنەوەی 25 یاری لەسەریەک لە دوو کاتی جیاوازدا، یانەی کۆریتیبای بەرازیلیش پێشتر 24 یاریی لەسەریەکی بردووەتەوە.